هەرێم محەمەد گۆرانی هەڵاڵەی بڵاوکردەوە
هەرێم محەمەد، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، نوێترین گۆرانی خۆی بەناوی "هەڵاڵە"، لە چەناڵی یوتیوب بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ی نیسانی 2026، هەرێم محەمەد، هونەرمەندی گۆرانیبێژ بە کوردستان24ی گوت، "گۆرانی "هەڵاڵە"، بەرهەمێکی تازەیە و لە تام و فۆڕمی فۆلکلۆرەوە دروستکراوە، میلۆدییەکانی تازەیە و خۆم دروستم کردووە، تێکستەکانی گۆرانییەکە فۆلکلۆرە و من لە کتێبێکی نووسەری کۆچکردوو مەحموود زامدار سوودم لێوەرگرتووە، هەروەها د. ڤیان مەحموود زامدار زۆر هاوکاری کردم لە تەواوکردنی کۆپلەی تێکستەکان.
هەروەها ئاراس کۆیی و رێوان وەکو ژەنیار لەتۆمارکردنی ئەم بەرهەمە بەشداربوونە، خۆم کاری دابەشکردنی میوزیکەکەم بۆ کردووە. سەرەتا بڕیارمدا بەشێوەی فۆتۆ ئەو بەرهەمە بڵاوبکەمەوە، بەڵام جوانی سرووشتی کوردستان وای لێکردم ڤیدیۆ کلیپی بۆ بکەم."
هەرێم محەمەد گوتیشی، "هیوادارم ئەم بەرهەمە نوێیەم ببێتە خەرمانێکی گەورە بۆ هونەری کوردی و بەدڵی هەموو گوێگرانم بێت و هیودارم گوێگران بەهار و گەشتەکانیان بۆ شوێنە جوانەکانی کوردستان لەگەڵ ئەو گۆرانییە بەهارییە بەڕێبکەن."
هەرێم محەمەد، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، خەڵکی شاری هەولێرە، لەساڵی 2003 وە دەستی بەکاری هونەری کردووە. خاوەنی چەندین بەرهەمی گۆرانی تۆمارکراوە و هەواداری تایبەت بەخۆی هەیە.