وەزارەتی پێشمەرگە بە توندی ئیدانەی هێرشکردنە سەر میران بەکر دەکات

ئەمڕۆ شەممە، 20ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە ڕاگەیاندراوێکدا نووسینگەی ڕۆژنامەوانی وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاند؛ شەوی 19 لەسەر 20ـی12ـی 2025، میران بەکر عەبدولڕەحمان، کارمەندی وەزارەتی پێشمەرگە، تووشی ڕووداوێکی نەخوازراو بوو.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە؛ یەکەم: لەسەر ئەو ڕووداوە نەخوازراوەی کە ڕووبەڕووی کارمەندێکی وەزارەت بووەتەوە. دەستبەجێ وەزارەتەکەمان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێناوە بۆ بەدواداچوون و ڕوونکردنەوەی وردەکارییەکانی ئەم ڕووداوە.

دووەم: بۆ ئاگاداری ڕای گشتیی، ڕوونی دەکەینەوە کە میران بەکر ماوەی دوو ساڵە پۆستی سکرتێری ڕۆژنامەوانی وەزیری پێشمەرگەی جێهێشتووە و ئێستا ئەو بەرپرسیاریەتیەی نییە.

هەر ئەمڕۆ میران بەکر، کادیری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وردەکاریی ڕووداوی ڕفاندن و ئەشکەنجەدانەکەی شەوی ڕابردووی بۆ کوردستان24 ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند؛ "کاتژمێر 11:00ـی شەوی ڕابردوو، لە گەڕەکی شەهیدانی شاری هەولێر (ناسراو بە شەهیدانی یەکێتی) و لە نزیک مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، سەردانی ماڵی هاوڕێیەکم کردبوو. تەنها خولەکێک دوای هاتنە دەرەوەم لە ماڵەکە، هێزێکی مەشقپێکراو پەلاماریان دام."

سەبارەت بە شێوازی دەستگیرکردنەکە، گوتی: "سەرەتا تورەگەیەکیان خستە سەرم و کەلەپچەیان کردم، پاشان خستمیانە نێو ئۆتۆمبێلەکەیانەوە، ئەمە پێشهاتێکی زۆر مەترسیدارە، چونکە تورەگە تەنها دەخرێتە سەر کەسێک کە تیرۆریست بێت. ئەوان وێڕای لێدان و شەق و بۆکس، جنێویشیان پێ دەدام."

میران بەکر ئاماژەی بەوەش دا، بۆ ماوەی سێ کاتژمێر لای خۆیان هێشتوویانەتەوە بێ ئەوەی شوێنەکە بزانێت، دواتر ئۆتۆمبێلەکەیان پشکنیوە و ناسنامەکەیان بردووە. گوتیشی: "ئەو هێزە بە شێوەیەکی بەڵتەجی و دوور لە هەموو بەهایەکی مرۆیی ڕەفتاریان کرد، کەچی دواتر گوتیان هەڵە تێگەیشتن بووە و داوای لێبوردن دەکەین"، دەشڵێت، "لێدانەکەشیان پرۆفیشناڵانە بوو، هێزەکەش هی ئۆپەراسیۆنی دژە تیرۆر و  ئاسایشی یەكێتی بوون."

لەبارەی زیانە جەستەییەکانەوە، ئەو کادیرەی یەکێتی ئاشکرای کرد، "بەهۆی لێدانەکانەوە پەردەی گوێم تەقیوە و شکانم هەیە، لێدانەکانیشیان بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵ بوو. من مەمنوون بووم تەنیا لێمدەن و بڕۆن، چونکە قسەی سەیر و مەترسیداریان دەکرد."

لە کۆتاییدا میران بەکر هۆشداریدا لەم شێوازە نوێیەی پەلاماردان و گوتی: "ئەگەر تا دوێنێ ڕۆژنامەنووس تەنیا شەقی تێهەڵدەدرا، ئێستا تورەگە لەسەرنانیشی هاتە سەر. ئەوەی ڕوویدا هەڕەمەکی نەبوو، چونکە ئەستەمە هێزێک بە چەند خولەکێک بە کەلەپچە و تورەگە و ئۆتۆمبێلەوە ئامادە بێت و بتبات، ئەگەر پیلانەکە داڕێژراو نەبێت."

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل