نایجیریا؛ لە هێرشێکی چەکداریدا لانیکەم 162 کەس کوژران
بەرپرسێکی خاچی سوور ڕایگەیاند، چەکدارانی نەناسراو لانیکەم، 162 کەسیان لە گوندێکی ویلایەتی کوارا، لە رۆژئاوای نایجیریا کوشتووە، ئەمەش بە یەکێک لە خوێناویترین هێرشەکانی مانگەکانی رابردوو دادەنرێت، لە وڵاتێکدا کە دووچاری چەندان قەیرانی ئەمنیی ئاڵۆز بووەتەوە.
چوارشەممە، 4ـی شوبات 2026، رۆژنامەی 'گاردیان'ی بەریتانی بڵاوی کردووەتەوە "ئێوارەی دوێنێ، سێشەممە، چەکدارانی نەناسراو، هێرشیان کردە سەر گوندی وۆرۆ لە ویلایەتی کوارا و لە ئەنجامدا 162 هاووڵاتی سڤیلیان کوشت. ئەو چەکدارانە، لە زۆربەی ناوچەکانی نایجیریا چالاکن و بەردەوام هێرشی خویناوی دەکەنە سەر گوندەکان و تاڵانیان دەکەن."
بابائۆمۆ ئایۆدیجی، سکرتێری خاچی سووری نایجیری، لە ویلایەتی کوارا، رایگەیاند "بە گوێرەی ئەو راپۆرتانەی تا ئێستا گەیشتوون، ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە 162 کەس و هێشتا گەڕان بەدوای تەرمی دیکەدا بەردەوامە."
پێشتر، سەعیدو بابا ئەحمەد، پارێزەرێکی دانیشتووی ویلایەتی کوارا، بە میدیا ناوخۆییەکانی گوت: تەنیا لە گوندی وۆرۆ، 35 تا 40 تەرمی کوژراوەکان دۆزراونەتەوە.
بابا ئەحمەد گوتیشی: ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانی گوندەکە، بە برینداری بۆ ناو دارستانەکانی نزیک گوندەکە هەڵاتوون.
ئەو پارێزەرە، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: چەکدارەکان، نزیکەی کاتژمێر 6:00ی ئێوارەی دوێنێ، سێشەممە، هێرشیان کردووەتە سەر وۆرۆ، دەستڕێژیان لە دانیشتووانەکەی کردووە و دوکان و ماڵی کوێخای گوندەکەیان سووتاندووە و تا ئێستاش چارەنووسی کوێخاکە نادیارە.
عەبدولڕەحمان عەبدولڕەزاق، پارێزگاری ویلایەتی کوارا، هێرشەکەی ئیدانە کرد و "بە کردەیەکی ترسنۆکانە و نامرۆڤانەی گرووپە چەکدارە نایاساییەکانی وەسف کرد، کە دەیانەوێت بەو کارە قێزەوەنانە، قەرەبووی شکستەکانیان بەرانبەر سوپای وڵاتەکە بکەنەوە."
سوپای نایجیریا، هەڵمەتەکانی دژی گرووپە چەکدارە نایاساییەکان چڕتر کردووەتەوە و بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکات کە ژمارەیەکی زۆری لەو چەکدارانە کوشتووە.
گوتەبێژی سوپای نایجیریا، رایگەیاند "هەفتەی رابردوو، هێزەکانمان هەڵیانکوتاوەتە سەر کەمپە دوورەدەستەکان کە پێشتر هێزە ئەمنییەکان دەستیان پێیان نەدەگەیشت، لە ئەنجامدا چەندان کەمپی چۆڵکراو و کەرەستەی لۆجیستی تێکشکێنران، ئەمەش توانای مانەوەی تیرۆریستانی لەو ناوچانە، بەشێوەیەکی بەرچاو لاواز کردووە."
دەسەڵاتدارانی ویلایەتی کوارا، قەدەغەی هاتووچۆیان لە هەندێک ناوچەدا سەپاندبوو و قوتابخانەکانیان بۆ چەند هەفتەیەک داخستبوو، پێش ئەوەی رۆژی دووشەممەی رابردوو، دووبارە بڕیاری کردنەوەیان بدەن. بەڵام پاش هێرشە خوێناوییەکەی دوێنێ، ناچار بوون دووبارە قوتابخانەکان دابخەنەوە.