بەهۆی لافاوەوە شوێنەوارێکی مێژووی لە کفری دەرکەوتووە
بەهۆی لافاو و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لەڕۆژانی ڕابردوو لە سنوری شارۆچکەی کفری شوێنەوارێكی کۆن دەرکەوتووە کە بەگوێرەی لێکۆڵینەوە سەرەتایەکان مێژووی شۆینەوارەکە بۆ سەدەکانی پێش زایینی دە گەڕیتەوە.
لەم بارەیەوە تیمەکانی شۆینەواری گەرمیان دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە مێژووی شۆینەوارەکە کردووە.
محمەد علی شۆینەوار ناسێکی تیمی شوێنەواری شارۆچکەی کفری، تایبەت بۆ کوردستان24، دەڵێت:"ئەو شوێنەوارەی کە دەرکەوتووە، ڕێڕەوێکی ئاوی ( جۆگەیەکی) کۆنە، کە تایبەت بووە بە گواستنەوەی ئاو لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە، بە گوێرەی شێوازی دروستکردنی و ئەو کەرەستانەی کە پێی دروستکراوە، لەوانەیە ئەم ڕێڕەوە ئاوییە مێژووەکەی بگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی بەر لە زایینی.
شۆینەوارەکە دەکەوێتە باکوری شارۆچکەی کفری کە ناوچەیەکی دەوڵەمەندی پڕ لە شوێنەوارە، بەڵام بەهۆی زۆری تەمەنی شۆینەوارەکان و ئەنجامنەدانی گەڕان و پشکنین بەدوایاندا، هێشتا نەتوانراوە تەواوی شۆینەوارەکانی ناوچەکە بدۆزرێتەوە.
عوبێد محەممەد بەڕێوەبەری شوێنەواری کفری، بە کوردستان24ـی گوت:"تاوەکو ئێستا نەمانتوانیوە سەرجەم ئەو شوێنانە بەگڕێین کە شوێنەواری تێدایە، لە هەندێک شوێن پشکنینمان ئەنجامداوە، بەڵام لە ناوەندی شارۆچکەی کفری کە "تەپەی قەرەوغوڵانمان" هەیە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە 2200 ساڵ پێش ئێستا هیچ پشکینیمان بۆی ئەنجام نەداوە، ئەم ڕێڕەوە ئاوییەش دەرخەری ئەوەیە کە ئەمە ئاسەواری شارێکی کۆنە کە لێرە هەبووە، هاوکات بۆ ئەنجامدانی پشکنین بۆ شوێنەوارەکانی دیکە پێویستمان بە تیمی زیاتر و ئامێر هەیە، بۆ ئەوەی بزانین مێژووی تەواوی ئەم شوێنەوارە و ئەوانی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ کەی و بۆچی بەکارهاتوون.
بەپێی بەڵگەنامە مێژوویی و تۆمارکراوەکان بێت ژیان کردن لە سنوری شارۆچکەی کفری بۆ پێنچ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕیتەوە، بۆیە ناوچەکە بە کانیاوی شۆینەوارە کلتوری و کەلەپوری و مێژویەکان ناسراوە، دواین شۆینەواریش ئەمەیە کە دەرکەوتوە، بەپێی بەڵگەنامە سەرەتاییەکان بێت تەمەنی زیاتر لە دوو هەزار ساڵ دەبێت.
