ڕوانگەی سووری: ئەمەریکا بە گورزێکی ئاسمانی پێنج چەکداری داعشی کوشت

سوپای ئەمەریکا لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی فراواندا چەند مۆڵگەیەکی داعشی لە سووریا کردە ئامانج و بەپێی ئامارە سەرەتایییەکان، پێنج چەکداری ئەو ڕێکخراوە کوژراون، کە یەکێکیان سەرکردەیەکی دیاری یەکەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووە.

 ئەم هێرشە دوای ئەوە دێت کە هەفتەی ڕابردوو لە پەلامارێکی چەکدارانی داعشدا لە ناوچەی تەدمور، سێ هاووڵاتیی ئەمەریکی گیانیان لەدەستدابوو.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند: فڕۆکە جەنگییەکان و هێلیکۆپتەرە هێرشبەرەکانی ئەمەریکا بە هاوکاری تۆپخانەکان، زیاتر لە 70 پێگەی تیرۆریستانی داعشیان لە ناوچەکانی حومس، دێرەزوور و ڕەققە بۆردوومان کردووە.

 ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەکە ئاماژەی بەوە کردووە، یەکێک لە کوژراوەکان سەرکردەی ئەو شانە تیرۆریستییە بووە کە بەرپرسیار بووە لە ئاراستەکردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە پارێزگای دێرەزوور.

ئەم ئۆپەراسیۆنە توندەی واشنتن وەک وەڵامدانەوەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ ئەو بۆسەیەی هەفتەی ڕابردوو هەژمار دەکرێت کە تێیدا دوو سەرباز و وەرگێڕێکی ئەمەریکی لە ناوەڕاستی سووریا کوژران.

 هەرچەندە داعش بە فەرمی بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە ڕانەگەیاندبوو، بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پەنجەی تۆمەتی بۆ ئەو ڕێکخراوە درێژ کرد و بڕیاری سزادانی توندی تێرۆریستانی دا.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەبارەی وردەکاریی هێرشەکان ڕایگەیاند: فەرمانی داوە بە ئەنجامدانی هێرشێکی گشتگیر و بەهێز بۆ سەر ئەو تیرۆریستانەی کە بوونە هۆی کوژرانی سێ نیشتمانپەروەری ئەمریکی، ترەمپ جەختی لەوەش کردەوە کە ئۆپەراسیۆنەکە زۆر سەرکەوتووانە و بە وردییەکی زۆرەوە ئەنجام دراوە و توانیویانە لە هەموو لایەکەوە گورزی کوشندە لە ڕێکخراوەکە بدەن، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی لە ڕێگەی بەکارهێنانی هێزەوە.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل