ئوردن: بەشداریمان لە ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمەریکا کرد
هێزەکانی ئەمەریکا بە هاوکاری هێزی ئاسمانیی شاهانەی ئوردن، زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی چڕیان کردە سەر مۆڵگەکانی ڕێکخراوی داعش لە سووریا، کە لە ئەنجامدا لانیکەم پێنج چەکداری ئەو ڕێکخراوە کوژران.
ئەم ئۆپەراسیۆنە وەک وەڵامدانەوەیەکی توند بۆ کوژرانی سێ هاووڵاتیی ئەمەریکی لە هەفتەی ڕابردوو ئەنجام درا و تێیدا چەندین پێگەی ستراتیژیی تێرۆریستان لە ناوچە جیاجیاکانی سووریا خاپوور کران.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند: هێرشەکان چەندین ناوچەی جیاوازی وەک حومس، دێرەزوور و ڕەققەیان گرتووەتەوە، یەکێک لە کوژراوەکان سەرکردەیەکی دیاری داعش بووە کە بەرپرسیارێتیی یەکەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی لە دێرەزوور لە ئەستۆ بووە، هاوکات سوپای ئوردن بە فەرمی بەشداریی خۆی لەم ئۆپراسیۆنەدا ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، فڕۆکە جەنگییەکانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی ئەمەریکی، ئامانجە وردەکانیان لە باشووری سووریا پێکاوە بۆ ئەوەی ڕێگری بکەن لەوەی تێرۆریستان ئەو ناوچانە وەک بنکەیەک بۆ تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە بەکاربهێنن.
ئەم جووڵە سەربازییە بەرفراوانە دوای ئەوە دێت، هەفتەی ڕابردوو لە ناوچەی تەدمور، دوو سەرباز و وەرگێڕێکی ئەمەریکی لە بۆسەیەکی داعشدا گیانیان لەدەستدا، هەرچەندە داعش بە فەرمی بەرپرسیارێتیی خۆی ڕانەگەیاندبوو، بەڵام واشنتن ڕاستەوخۆ ئەو ڕێکخراوەی تۆمەتبار کرد، سوپای ئەمەریکا ئاشکرای کرد، زیاتر لە 70 ئامانجی جیاوازیان لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگی، هێلیکۆپتەری هێرشبەر و تۆپخانەکانەوە پێکاوە.
