ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان: هەماهەنگیی باڵا لەگەڵ سووریا هەیە بۆ ڕێگری لە تیرۆریستان
جێگری فەرماندەی گشتی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ڕایگەیاند ئەو ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەی هێزە عێراقییەکان لە قووڵایی خاکی سووریادا ئەنجامیانداوە، هیچ پەیوەندییەکی بەو هێرشەوە نییە کە دوێنێ هێزەکانی ئەمەریکا کردیانە سەر داعش و شوێنی دوو ڕووداوەکە جیاوازن.
شەممە 20ـی کانوونی یەکەمی 2025، قەیس مەحمەداوی، جێگری فەرماندەی گشتی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقییە ڕایگەیاند؛ بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو و دزەکردنی تیرۆریستان لە 2013 و 2014، پلانی تۆکمە بۆ پاراستنی سنووری 615 کیلۆمەتری نێوان عێراق و سووریا دانراوە. ئەمەش لەرێگەی خەندەق، تاوەری چاودێری، کامێرای گەرمی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە.
محەمەداوی ئاماژەی بەوەدا لە ساڵی 2025دا دۆخی کۆنترۆڵکردنی سنوور زۆر باش بووە و لە زۆربەی مانگەکاندا هیچ حاڵەتێکی دزەکردن تۆمار نەکراوە، هەروەها هێزەکانی سوپا و حەشدی شەعبی هێڵێکی بەرگری بەهێزیان لە قووڵایی عێراق و بیابانەکانی ئەنبار و نەینەوا دروستکردووە.
سەبارەت بە هەماهەنگی لەگەڵ سووریا، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان گوتی: ئێستا هەماهەنگی مەیدانی لە نێوان فەرماندەکانی سەر سنوور هەیە بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری و ڕادەستکردنەوەی داواکراوان و ڕێگری لە دزەکردن، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی باڵای سەرکردایەتییە ئەمنییەکان.
دەربارەی وردەکاری ئۆپەراسیۆنەکە، محەمەداوی ڕوونی کردەوە: دابەزینی هێزە عێراقییەکان لە سووریا بەپێی زانیاری وردی هەواڵگری شانەی هەڵۆکان و بەدواداچوونی چەند هەفتەیی بووە. ئۆپەراسیۆنەکە لە قووڵایی 10 کیلۆمەتر لە ناو خاکی سووریا و بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان ئەنجامدراوە و توانراوە ئامانجە گرنگەکان دەستگیربکرێن.
جەختیشی کردەوە کە ئەم ئۆپەراسیۆنە جیاوازە لە هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمریکا و شوێنەکەشیان دوور بووە لە یەکترەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 20ـی کانوونی یەکەمی 2025، پیت هێگسێت، وەزیری بەرگری ئەمەریکا، ڕایگەیاند؛ هێزەکانیان ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان لە دژی داعش ئەنجامداوە، کە تێیدا پتر لە 70 ئامانجی جیاواز لە سەرانسەری ناوەڕاستی سووریا کراونەتە ئامانج. هێرشەکان کە بە بەشداری فڕۆکەی جەنگی، کۆپتەری هێرشبەر و تۆپخانە ئەنجامدراون، ژێرخان و کۆگاکانی چەکی داعشیان کردووەتە ئامانج.
