تەقینەوەیەکی خوێناوی لە ئەفغانستان؛ 30 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان کوژران
K24 - هەولێر
خۆکوژێک بە ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو، خۆی بە بنکەیەکی سەربازیی ئەفغانستاندا تەقاندەوە، لەئەنجامدا لانیکەم 30 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان کوژران.
هێرشەکەی ئەمڕۆ، بەگوتەی بەرپرسان بە یەکێک لە خوێناویترین هێرشەکان دادەنرێت لە ئەفغانستان لەماوەی چەند مانگی رابردوودا. هێرشەکە لە دەوروبەری پایتەختی ویلایەتی غەزنەی کە گۆڕەپانی بەردەوامی رووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی تاڵیبان و حکومەت بووە، ئەنجامدرا.
ئەو هێرشە لەکاتێکدایە، حکومەتی ئەفغانستان خەرکی دانوستاندنی ئاشتییە و هەوڵدەدات ئەو شەڕە کۆتایی پێبهێنێت کە لەماوەی نزیکەی دوو دەیەی رابردوودا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هەزار کەس لە ئەفغانستان.
باز محەمەد هیمەت، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی غەزنەی بە رۆژنامەی فرانس پرێسی راگەیاندووە "30 تەرم و 24 بریندار گەیەنراونەتە نەخۆشخانە، هەمووشیان ئەندامی هێزە ئەمنییەکانن".
تارق ئاریان، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ، لەبارەی هێرشەکە رایگەیاندووە: خۆکوژێک بە ئۆتۆمبێلێکی پڕ لە ماددەی تەقەمەنی لە غەزنەی خۆی تەقاندەوە.
هەتاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارییەتی خۆی لە ئەنجامدانی تەقینەوەکە رانەگەیاندووە.
ئەو هێرشە دوای تەنیا دوو رۆژە لە دوو تەقینەوە لە شاری بامیانی مێژوویی ئەفغانستان، کە بووە هۆی کوژرانی 14 کەس و کۆتاییهێنان بەو ئارامییەی چەندین ساڵە خەڵکی شارەکە، تێیدا دەژین.
جگە لەو تەقینەوەیە، هەر ئەمڕۆ (یەکشەممە، 29-11-2020) تەقینەوەیەکی دیکە لە شاری قەلعەتی باشووری ویلایەتی زابل روویدا، بەهۆیەوە بە گوتەی حیکمەتوڵا کوشی، گوتەبێژی پۆلیسی شارەکە، بۆ ئاژانسە فەرەنسییەکە "کەسێکی مەدەنی کوژرا، 20 دیکەش بریندار بوون".
هـ.ر.