لیژنەی فریاگوزاری چەمچەماڵ: زیاتر لە 11.5 ملیار دینار کۆکراوەتەوە و دووشەممە دابەش دەکرێت
لیژنەی فریاگوزاری و بووژانەوەی چەمچەماڵ ڕایگەیاند، کۆی گشتی ئەو پارەیەی بۆ هاوکاری زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ و دەوروبەری کۆکراوەتەوە، 11 ملیار دیناری تێپەڕاندووە و سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
شەممە 20ـی کانوونی یەکەمی 2025، عەتا محەممەد، ئەندامێکی لیژنەی فریاگوزاری و بووژانەوەی چەمچەماڵ ڕایگەیاند تا ئێستا بڕی زیاتر لە 11 ملیار و 500 ملیۆن دینار وەک کۆمەک بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ، تەکیە و شۆڕش کۆکراوەتەوە.
سەبارەت بە میکانیزمی دابەشکردنەکە، ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی لیژنەی فریاگوزاری و بووژانەوەی چەمچەماڵ ڕوونی کردەوە، ڕۆژی دووشەممە پرۆسەی دابەشکردنی پارەکە دەستپێدەکات. لە قۆناغی یەکەمدا قەرەبووی خانوو و کەلوپەلە کەسییەکان دەکرێتەوە، پاشان نۆرەی دووکان و شوێنە گشتییەکان دێت.
جەختیشی کردەوە کە هەوڵ دەدەن تا کۆتایی ئەمساڵ تەواوی پرۆسەی قەرەبووکردنەوەکە کۆتایی پێ بهێنن.
لەلایەکی دیکەوە، لیژنەکە ئاماژەی بەوە داوە کە ڕاسپاردەی تایبەتیان ئامادە کردووە و ئاراستەی حکوومەتی هەرێمی دەکەن بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی کارەساتی لەو شێوەیە.
ڕۆژی سێشەممە، 9ی کانوونی یەکەمی 2025، بەهۆی بارانی بە خووڕ لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بووە هۆی دروستبوونی لافاو و زیانێکی زۆری بەر ماڵی هاووڵاتییان گەیاند، هەروەها لە گەرمیان و چەمچەماڵ بووە هۆی لە دەستدانی چەند کەسێک.
