ئێران.. گرانی، شیرینیی شەوی چلەی تاڵ کردووە
شەممە، 20ـی کانوونی یەکەم 2025، عەلی بەهرەمەند، سەرۆکی یەکێتیی شیرینیفرۆشانی ئێران، بە پێگەی 'ئیتڵاعات ئۆنلاین'ی ڕاگەیاند "بەرزبوونەوەی نرخی دراوەکان و کەمیی داهاتیی خەڵک، وایکردووە فرۆشی ئێمە لەسەروبەری شەوی چلەدا بگاتە نیوەی ساڵانی پێشوو.
بەهرەمەند، گوتیشی: ئەو ماددانەی شیرینییان لێ دروست دەکرێن، وەک ڕۆن و شەکر، تەنیا لە ماوەی یەک مانگدا نزیکەی دوو بەرانبەر گرانتر بوونە. هەروا هەندێک ماددەی تر، کە لە دەرەوەی ئێرانەوە هاوردە دەکرێن، بە دۆلار دەکڕدرێن و لەگەڵ گرانبوونی بەهای دۆلاردا، نرخی ئەو ماددانە بەرز دەبنەوە و ئێمەش ناچارین بەرهەمەکانمان گرانتر بفرۆشین.
سەرۆکی یەکێتیی شیرینفرۆشانی ئێران، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: مایەی خەم و نیگەرانیی ئێمەیە کە دەبینین هاووڵاتییان لەبەر دەستکورتی و گرانیی بەرهەمەکان، ناتوانن شیرینیی پێویست بۆ ئەم بۆنە دێرینەی ئێران بکڕن.
بە گوێرەی تۆڕی ڕاگەیاندنی نرخی دراو و زێڕی ئێران، ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی ئێراندا 100 دۆلاری ئەمەریکی بە 13 ملیۆن و 200 هەزار تومەن مامەڵەی پێوە کراوە و 100 یۆرۆ بەرانبەرە بە 15 ملیۆن و 457 هەزار تومەن.
تۆڕی ڕاگەیاندنی نرخی دراو و زێڕی ئێران، نرخی هەزار دیناری عێراقی بە 100 هەزار و 200 تومەن دیاری کردووە. نرخی یەک مسقاڵ زێڕی 18 عەیاریش گەیشتووەتە 59 ملیۆن و 742 هەزار تومەن.
