وردەکاریی رێککەوتنی دیمەشق و هەسەدە؛ لە کشاندنەوەی هێزەکانەوە بۆ کردنەوەی رێگەکان

دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای سووریا ئاشکرای دەکات، دوای کۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەرانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە حەسەکە، رێککەوتن کراوە لەسەر دەستپێکردنی جێبەجێکردنی قۆناغ بە قۆناغی رێککەوتنەکان، کە خۆی لە کشاندنەوەی هێزەکان لە شارەکان و خێراکردنی پرۆسەی تێکەڵبوونەوە دەبینێتەوە.

هەینی، 6ـی شوباتی 2026، دەستەی ئۆپەراسیۆنەکان لە سوپای عەرەبیی سووریا، لە راگەیەنراوێکدا وردەکاریی کۆبوونەوە و گەشتە مەیدانییە هاوبەشەکەی لەگەڵ نوێنەرانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە پارێزگای حەسەکە ئاشکرا کرد.

بە پێی راگەیەندراوی دەستەی ئۆپەراسیۆنەکان، شاندێکی باڵای دەستەکە لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەفسەر و فەرماندەکانی سوپای سووریا، دیدارێکیان لەگەڵ نوێنەرانی هەسەدە ئەنجام داوە. دوای دیدارەکە، بە یاوەریی یەکتر گەشتێکی مەیدانییان بۆ چەند ناوچە و پێگەیەکی جیاواز لە پارێزگای حەسەکە ئەنجام داوە، کە بە وتەی خۆیان "کەشێکی ئەرێنی بەسەردا زاڵ بووە".

دەستەی ئۆپەراسیۆنەکان ئامانجی سەرەکیی دیدار و گەشتە مەیدانییەکەی بۆ "دەستپێکردنی جێبەجێکردنی مەیدانیی رێککەوتنی نێوان دەوڵەتی سووریا و هەسەدە" گەڕاندەوە.

ئاماژەی بەوەش دا، کە هەردوولا لەسەر قۆناغە زەمەنییەکان بۆ دەستکردن بە جێبەجێکردنی بەندەکانی رێککەوتنەکە لە چەند رۆژی داهاتوودا، گەیشتوونەتە سازان.

دەربارەی ناوەرۆکی رێککەوتنەکە و هەنگاوە کردەییەکان، دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای سووریا روونی کردەوە کە رێککەوتنەکە ئەم خاڵانە لەخۆ دەگرێت:

-کشاندنەوەی هێزەکان لە ناوچە مەدەنییەکانەوە بۆ خاڵە سەربازییە دیاریکراوەکان.

-کردنەوەی رێگەکان و لابردنی بەربەستەکان.

-هەماهەنگی و هاوکاری لە پرۆسەی پووچەڵکردنەوەی مینەکاندا.

-خێراکردنی پرۆسەی تێکەڵبوونەوە لە نێوان هێزەکاندا.

ئەم هەنگاوە بە وەرچەرخانێکی گرنگ لە پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات دادەنرێت، بە ئامانجی سەقامگیریی زیاتر لە ناوچەکانی باکووری خۆرهەڵاتی سووریا.