شاندێکی کۆبانێ لە حەلەب داوای هەڵگرتنی گەمارۆی سەر شارەکە دەکەن

شاندێکی فەرمیی شاری کۆبانێ سەردانی حەلەبیان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی سووریا تاوتوێی دۆخی خزمەتگوزاری و هەڵگرتنی گەمارۆی سەر شارەکەیان کرد.

هەینی 6ـی شوباتی 2026، فەرحان حاج عیسا، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری کۆبانێ بە کوردستان24ی راگەیاند، لەسەر بانگهێشتێکی فەرمی، شاندێکی باڵای شارەکە سەردانی پارێزگای حەلەبیان کردووە.

حاج عیسا ئاشکرای کرد، ئامانجی سەرەکیی سەردانەکە گفتوگۆکردن بووە لەسەر دۆسیە مرۆیی و خزمەتگوزارییەکان، بەتایبەتی هەڵگرتنی ئەو گەمارۆیەی خراوەتە سەر کۆبانێ. شاندەکە داوای کردووە خزمەتگوزارییەکانی ئاو، کارەبا و ئینتەرنێت بۆ شارەکە بگەڕێنەوە و رێڕەوی بازرگانی بکرێتەوە.

هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری کۆبانێ ئاماژەی بەوەش دا، کە داوایان کردووە پێکدادانە سەربازییەکان لە گوندەکانی دەوروبەری کۆبانێ رابگیرێن و ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. بە گوتەی ناوبراو: هەڵوێستی لایەنی حکوومەتی سووریا ئەرێنی بووە و لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردوولادا دروست بووە.