کۆمپانیایەکی رووسی دەیەوێت کۆتر وەک درۆن بەکاربهێنێت
کۆمپانیایەکی رووسی کە تایبەتە بە تەکنۆلۆژیای دەمار (Neurotechnology)، دەستی کردووە بە تاقیکردنەوەیەکی نوێ بۆ بەکارهێنانی کۆتر وەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی زیندوو، ئەمەش لە رێگەی چاندنی چیپی ئەلیکترۆنی لە مێشکیاندا.
پرۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای "نایری" (Nairi) لە مۆسکۆ دەستی پێکردووە. تەکنۆلۆژیاکە بریتییە لە چاندنی چیپێکی دەماری لە مێشکی کۆترەکان و بەستنی کامێرا لەسەر سنگیان، ئەمەش رێگە بە بەکارهێنەران دەدات ئاراستەی فڕینی باڵندەکان دیاری بکەن. هەروەها پانێڵی خۆر لەسەر پشتی کۆترەکان جێگیر دەکرێت لەگەڵ یەکەیەکی پەیوەندیکردنی ئەلیکترۆنی کە لەناو جانتایەکی زۆر بچووکدا هەڵدەگیرێت.
کۆمپانیای نایری رایگەیاندووە، ئامانجیان لە پەرەپێدانی کۆتری مسەیر بەکارهێنانیانە لەو شوێنانەی کە درۆنە ئاساییەکان بەهۆی کورتیی مەودای فڕینەوە شکست دەهێنن. کۆترەکان توانای ئەوەیان هەیە رۆژانە نزیکەی 500 کیلۆمەتر بفڕن. کۆمپانیاکە جەخت دەکاتەوە پرۆژەکەییان بۆ ئامانجی ئاشتییانە و خزمەتگوزارییە گشتییەکانە وەک کشتوکاڵ، گەیاندنی کاڵا و فریاگوزاری خێرا.
سەرەڕای دڵنیاییەکانی کۆمپانیاکە، شارەزایانی سەربازی هۆشداری دەدەن. جەیمس جیۆردانۆ، راوێژکاری زانستی لە پێنتاگۆن، بە رۆژنامەی تەلەگرافی راگەیاندووە، دەکرێت ئەم کۆترانە بۆ گواستنەوەی نەخۆشی و ڤایرۆس بۆ ناو خاکی دوژمن لە کاتی شەڕدا بەکاربهێنرێن.
ئەمە یەکەم جاڕ نییە ڕووسیا ئاژەڵ بۆ مەبەستی هەواڵگری و سەربازی بەکاردەهێنێت؛ پێشتر دۆلفینی مەشق پێکراوی بۆ پاراستنی بنکە دەریاییەکان بەکارهێناوە. هەروەها لە چینیش زاناکان ساڵی رابردوو هەنگی سێبۆرگیان دروست کرد کە لە رێگەی ئامێری بچووکەوە ئاراستەیان دەکرێت.
ئەلیکساندەر پانۆڤ، دامەزرێنەری کۆمپانیاکە دەڵێت: ئێستا سەرنجمان لەسەر کۆترە، بەڵام دەکرێت لە داهاتوودا بەپێی جۆری ژینگە و ئەو بارەی دەگوازرێتەوە، جۆری دیکەی زیندەوەر بەکاربهێنین. هەروەها دڵنیایی داوە کە باڵندەکان بە باشی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و لە دەرەوەی کاتی ئەرکەکانیان، ژیانی ئاسایی خۆیان بەسەر دەبەن.