زوهێر عەبدولمەسیح، هونەرمەندی گەورەی کوردستان کۆچی دوایی کرد

دوای ململانێیەکی درێژ لەگەڵ نەخۆشی، لە شاری ئێسکڵستۆنای سوید، هونەرمەندی گەورە و پێشمەرگەی دێرینی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن، هونەرمەندی ناوداری کوردستان، زوهێر عەبدولمەسیح ئێلیا عەبدۆکا، کۆچی دوایی کرد. 

هونەرمەندی کۆچکردوو، ساڵی 1948 لە عەنکاوە لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی لە ئەڵقۆش تەواو کردووە کە باوکی بۆ ماوەی هەژدە ساڵ لەوێ مامۆستا بووە، پاشان خوێندنی ئامادەیی لە هەولێر تەواو کردووە. لە ساڵی خوێندنی 1972-1973 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە دەرهێنان لە ئەکادیمیای هونەرە جوانەکانی بەغدا بەدەست هێناوە. لە ماوەی کاروانی هونەرییدا کە زیاتر لە نیو سەدەی خایاند، چەندان بەرهەمی شانۆیی، تەلەفزیۆنی و سینەمایی دیاری بە زمانەکانی، سوریانی، کوردی و عەرەبی، پێشکەش کردووە.

کۆچکردوو، ئەندامی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان بوو ساڵی 1974 پەیوەندی بە ڕیزەکانی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن کرد و کاتێک فڕۆکەکانی بەعس ئێستگەی 'دەنگی کوردستانی -عێراق'یان بۆمباران کرد، هونەرمەند زوهێر عەبدولمەسیی بریندار بوو، پاشان بە فەرمانی جەنابی سەرۆک بارزانی بۆ وەرگرتنی چارەسەر ڕەوانەی ئێران کرا.

هونەرمەندی کۆچکردوو، وەک ئەکتەر و دەرهێنەر، بەشداری لە چەندان کاری شانۆیی، تەلەڤزیۆنی و سینەمایی کردووە، لەوانە: کوڕی خاک، فطور الساعة الثامنة، تاپۆ حەقی چییە؟ خولە چەخماخە، لانەوازان، سێگۆشەی مەرگ، خانی لەپزێڕین و چەندان کاری هونەری دیکە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل