عەباس عراقچی: ئامادەی ڕێککەوتنی دادپەروەرانەین، بەڵام ملکەچی گوشار و هەڕەشە نابین

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەڵێت: هێشتا ئامادەی ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە و هاوسەنگین لە ڕێگەی دانوستانەوە، بەڵام هەرگیز ناچێتە ژێر بارى گوشار، هەڕەشە و خۆسەپاندن.

یەکشەممە، 21ـی کانوونی یەکەم 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوە، لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا لەگەڵ بەرنامەی  Worlds Apartی کەناڵی تەلەڤزیۆنیی 'ڕووسیای ئەمڕۆ' بە شیکردنەوەی دوایین پێشهاتەکانی پەیوەست بە دۆسییەی ئەتۆمیی ئێران، گوتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئێستاش ئامادەی ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە و هاوسەنگە لە ڕێگەی دانوستانەوە، بەڵام هەرگیز ناچێتە ژێر بارى گوشار، هەڕەشە و سەپاندن.

عراقچی لە وەڵامی پرسیاری ئایا حکوومەتی ئێستای ئەمەریکا توانای گۆڕینی ڕێبازی خۆی هەیە؟ گوتی: هەموو شتێک بەوەوە بەستراوەتەوە کە ئەوان لە جیاوازیی نێوان دانوستان و خۆسەپاندن بگەن. ئەگەر بە بیرۆکەیەکی دادپەروەرانە، هاوسەنگ و لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش بێنە پێشەوە، ئێران ئامادەی گفتوگۆیە؛ بەڵام ئەزموونە تاڵەکانی ساڵانی ڕابردوو دەریانخستووە کە هێشتا ئامادەیی پێویست بۆ ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە لەلای ئەوان بەدی ناکرێت.

وەزیری دەرەوەی ئێران، بە ئاماژەکردن بە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی نەتەنز و فۆردۆ و بانگەشەی پنتاگۆن سەبارەت بە دواکەوتنی یەک بۆ دوو ساڵەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، جەختی کردەوە "دامەزراوەکانمان بە شێوەیەکی جددی زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام تەکنەلۆجیاکەمان وەک خۆی ماوەتەوە؛ چونکە تەکنۆلۆجیا بۆمباران ناکرێت."

عراقچی، گوتیشی: ئێران مافی ڕەوای بەکارهێنانی ئاشتییانەی وزەی ئەتۆمی، لەوانەش پیتاندن، بۆ خۆی دەپارێزێت و دەستبەرداری ئەم مافە نابێت.

وەزیری دەرەوەی ئێران، باسی بابەتی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کرد و ڕەخنەی لە ئاژانس و بەڕێوەبەری گشتییەکەی گرت لەوەی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیلی بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، نەکردووە.
عێراقچی، ئەو هەڵویستەی بەڕێوبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بە پێشینەیەکی زۆر خراپ لە مێژووی ئاژانسەکە لە قەڵەم دا؛ بەڵام جەختی کردەوە لەوەی ئێران هێشتا ئەندامێکی پابەندی NPTیە و بنەمای هاوکاری ڕەت ناکاتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران، لە بەشێکی تری ئەم گفتوگۆیەدا، پیتاندنی یۆرانیۆمی بە مافێکی ڕەوا و بەشێک لە شکۆ و شانازیی نەتەوەیی ئێران زانی و گوتی: پیتاندن بەرهەمی هەوڵ و دەستکەوتی زانایانی ئێرانییە و ئێران ئامادە نییە دەستبەرداری ئەم مافە ببێت، بەڵام هاوکات ئامادەیە دڵنیاییی پێویست سەبارەت بە مەبەستی ئاشتییانەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بدات."

عراقچی، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە زیادبوونی بوونی هێزی سەربازیی ئەمەریکا لە ناوچەکە و ڕۆڵی لە دۆخی ئێستادا گوتی: بابەتەکە بەتەواوی ڕوونە؛ بوونی هێزەکانی ئەمەریکا، نەک تەنیا نابێتە هۆی سەقامگیری، بەڵکو گرژی و ناسەقامگیریی ناوچەکە زیاتر دەکات."

وەزیری دەرەوەی ئێران، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: ئێمە بە هەموو شێوەیەک ئامادەی بەرەنگاربوونەوەی هێرشی ئەمەریکاین، بەڵام ئەم ئامادەییە بە واتای بەرەوپیرەوەچوونی جەنگ نییە، بەڵکوو بە مەبەستی ڕێگرییە لە جەنگ.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل