سەگی بێلانە لە کەرکووک مەترسی لە سەر ژیانی هاووڵاتییان دروستکردووە

لەگەڕەک و ناوچەکانی کەرکووک سەگی بێلانە بۆتە مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان و بە گوێرەی ئامارێکی نەخۆشخانەکان لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوو هەشت منداڵ بە هۆی پەلاماری سەگی بێلانەوە گیانیان لەدەستداوە.

ژیان سەعید هاووڵاتییەکی دانیشتووی شارەکە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند،"ژمارەیەکی زۆر لە سەگی بێلانە لە گەڕەک و کۆڵانەکاندا دەگەڕێن، جگە لەوەی مەترسییان لەسەر گیانی خەڵک دروست کردووە، هاوکات بوونە بە ئاستەنگ لەبەردەم هاتووچۆی هاووڵاتییانیش چونکە ناتوانین بە ئاسانی بێ مەترسی بە کووچە و کۆڵانەکاندا هاتووچۆ بکەین.

ئەمەل جەلال، هاووڵاتیەکی دیکەی شاری کەرکوکە و دەڵێت:"بە هۆی زۆری سەگە بێلانەکانەوە ناتوانین منداڵەناکمان ڕوانەی بازاڕ بکەین، جگە لەوەی لە کۆڵانەکاندا زۆرن، لە ناو ناخچە و پارکی ماڵ و گەڕەکەکانیش دەمێننەوە و دەیشێوێنن. 

زۆربوونی سەگی بێلانە لە گەڕەکەکانی شاری کەرکووک بە جۆرێک بوەتە کێشە بۆ هاتووچۆ کردنی منداڵان، ئەگەر دایک و باوکیان لەگەڵ نەبێ ناتوانن لە ماڵ بێنە دەرەوە.

بەشێک لە منداڵانی گەڕەکی پەنجا عەلی دەڵێن:"لەبەر مەترسی سەگی بێلانە، ناتوانن بە ئاسانی بڕۆن بۆ بازاڕ یان قوتاتابخانە، تەنانەت بۆ یاریکردنیش ناتوانن لە کۆڵانەکاندا بە ئاسایی یاری بکەن. 

شێرزاد ڕەشید، دانیشتووی گەڕەکی پەنجا عەلی بۆ کوردستان24 گوتی:"گەورە و بچووک ناوێرن بێنە دەرەوە و بە ئاسایی هاتووچۆ بکەن، بە تایبەتی منداڵان لە کاتی شەواندا هەر ناوێرن بێنە دەرەوە، بەڕاستی ژمارەی سەگە بێلانەکان زۆرن و مەترسییان زۆرە لەسەر ژیانمان.

لێژنەکانی قائیمەقامیەتی کەرکووک لە ئێستادا بەهۆی قەیرانی دارایی، هەڵمەتی لەناوبردنی سەگی بێلانەیان ڕاگرتووە، هەرچەندە بڕیارە دەست پێ بکەنەوە، بەڵام دیارنیە کەی دەست پێدەکاتەوە.

فەلاح یایچلی، قائیمەقامی قەزای ناوەندی کەرکوک، دەڵێت:" ئێمە لە هەڵمەتی کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان ڕاوەستاوین، هۆکارەکەشی قەیرانی داراییە، بڕیارمانداوە دەست پێبکەینەوە، بەڵام جارێ نازانین کەی و لە کامە گەڕەکەوە هەڵمەتەکەمان دەست پێدەکاتەوە. 

یەکێک لە هۆکارەکانی کۆبونەوەی سەگی بێلانە لەگەڕەکەکانی ناو شار بوونی زبڵ و خاشاکە، کە ئەمەش هێشتا بە تەواوی چارەسەر نەکراوە.

پەلاماردانی سەگی بێلانە بۆ دانیشتووانی گەڕەکەکانی شاری کەرکووک بۆتە مەترسی گەورە و ڕاستەقینە بۆ سەر ژیانیان، تەنها لەماوەی ساڵێکدا 19 حاڵەتی پەلاماردان و گەستنی سەگ لە نەخۆشخانەکان تۆمارکراوە، کە بە هۆیەوە هەشت کەسیان گیانیان لەدەستداوە. 

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل