زەڵمای خەلیلزاد: ئێستا دەرفەتێکی باش بۆ چەککردنی گرووپە چەکدارەکانی عێراق هاتووەتە پێش
باڵیۆزی پێشووتری ئەمەریکا لە عێراق ڕایگەیاند، گوشارەکان بۆ چەککردنی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق زیاد بووە و ئێستا بەهۆی لاوازیی ئێرانەوە، دەرفەتێکی باش بۆ سەرکەوتن لەم پرۆسەیە هەیە.
یەکشەممە 21ـی کانوونی یەکەمی 2025، زەڵمای خەلیلزاد، باڵیۆزی پێشووتری ئەمەریکا لە عێراق سەبارەت بە دۆخی ئەو وڵاتە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: لە ناوخۆی عێراقدا گوشارێکی سیاسیی بەهێز هەیە بۆ چەککردنی گرووپەکان و کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا. تەنانەت هەندێک لە گرووپەکان ئامادەییان بۆ چەکدانان دەربڕیوە، کە ئەمەش جێگەی دڵخۆشییە.
ئەو دیپلۆماتکارە باڵایەی پێشووی ئەمەریکا دەشڵێت: گوشارە دەرەکییەکان بۆ دوورخستنەوەی گرووپە چەکدارەکان لە حکوومەتی داهاتوو و ئەگەری بەئامانجگرتنیان ئەگەر ڕەتی بکەنەوە چەک دابنێن، یارمەتیدەر بووە.
لەگەڵ ئەوەشدا، زەڵمای خەلیلزاد هۆشدار دەدات کە عێراق ڕێگەیەکی دووری لەبەردەمە بۆ داماڵینی چەک و هەڵوەشاندنەوە و تێکەڵکردنەوەی ئەو گرووپانە، چونکە خاوەنی دەسەڵاتی سیاسی، ئابووری و هێزی ئاگرینن و لەلایەن ئێرانیشەوە پشتیوانی دەکرێن.
خەلیلزاد جەخت دەکاتەوە، دەبێت گوشارە دەرەکییەکان بەردەوام بن، چونکە تەواوکەری گوشارە ناوخۆییەکانن لەلایەن سەرکردە سیاسی و ئایینییەکانەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو گرووپانە مەترسییەکی گەورەن بۆ سەر سەروەری و سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی عێراق، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی لاوازیی ئێستای ئێران، دەرفەتێک هەیە بۆ سەرکەوتن و دەبێت ئەم دەرفەتە لەدەست نەدرێت.
دوێنێ شەممە، فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕایگەیاندبوو، گرووپە چەکدارەکان پابەندبوونی خۆیان بۆ هەماهەنگییەکان سەبارەت بە جێبەجێ کردن یاسا، کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە و دەستپێکردنی پرۆسەی سیاسی پیشان داوە.
ئاژانسی فرانس پرێس، لە زاری دیپلۆماتکاری عێراقی بڵاوی کردبووەوە، حکوومەتی ئەمەریکا لە دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی دووەمەوە داوای کردووە، نابێت بە هیچ شێوەیەک ئەو شەش گرووپە لە یاسا دەرچووانە کە واشنتن خستوویەتی لیستی تیرۆرەوە بەشداریی حکوومەتی داهاتووی عێراق بکەن.
