لە دهۆک 864 خانووی زیادەڕۆ کراونەتە تاپۆ و پرۆسەکە بەردەوامە

دوای چاوەڕوانییەکی 12 ساڵە، خاوەنی خانووە زیادەڕۆکان لە شاری دهۆک دەتوانن مامەڵەکانیان بە ئاسانی ڕایی بکەن و ببنە خاوەنی تاپۆی فەرمی، ئەمەش دوای بڕیارێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕێکخستنەوەی شارەکان.

بەگوێرەی ئامارەکان، زیاتر لە 6 هەزار خانووی زیادەڕۆ لە شاری دهۆکدا هەن. تا ئێستا شارەوانیی دهۆک مامەڵەی 4,605 خانووی وەرگرتووە و لەو ژمارەیەش 864 خانوویان بە فەرمی کراونەتە تاپۆ.

تۆفیق خدر، یەکێک لەو هاووڵاتییانەی کە سوودمەند بووە لە بڕیارەکە، بە کوردستان24ی گوت: لە ساڵی 2014ەوە چاوەڕێی ئەم بڕیارە بووین، سوپاسی هەموو ئەو کەس و لایەنانە دەکەین کە هاوکار بوون لە ڕاییکردنی کارەکانماندا. ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا کە بووەتە خاوەنی تاپۆی فەرمی، دەتوانێت بە ئاسانی مامەڵە بە موڵکەکەیەوە بکات و بۆ هەر کارێکی پێویست بەکاری بهێنێت.

لە لایەکی دیکەوە، بریندار عاریف محەمەد، بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی ڕۆژهەڵاتی دهۆک، ڕایگەیاند: پرۆسەی وەرگرتنی داواکاری بۆ تاپۆکردنی خانووە زیادەڕۆکان بەردەوامە و هەر کەسێک داواکاری پێشکەش بکات، بەپێی ڕێنماییەکان کارەکانی بۆ جێبەجێ دەکرێت. گوتیشی، ئەم بڕیارە نەک تەنیا کێشەی موڵکداریی هاووڵاتییان چارەسەر دەکات، بەڵکوو ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاریی زیاتر بەو گەڕەکانە، چونکە پێشتر بەهۆی نەبوونی دیزاینی شارەوانی، گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان سنووردار بوو.

بڕیاری تاپۆکردنی خانووە زیادەڕۆکان لە ساڵی 2021 لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەرچوو، کە ئامانج لێی ڕێکخستنەوەی سیمای شارەکان و چارەسەرکردنی کێشەی ئەو هاووڵاتییانەیە کە ساڵانێکی زۆرە لەو خانووانەدا نیشتەجێن. نزیکەی 15%ی ئەو خانووانەی داواکارییان پێشکەش کردووە، تا ئێستا تاپۆ کراون و چاوەڕوان دەکرێت پرۆسەکە بەردەوام بێت تا سەرجەم خانووەکان دەگرێتەوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل