ناتانیاهۆ بژاردەکانی هێرشکردنە سەر ئێران دەباتە بەردەم ترەمپ

دەزگای پەخشی ئیسرائیل (کان) بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان بڵاویکردەوە کە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەر لە گەشتەکەی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا زنجیرەیەک ڕاوێژکاری ئەمنیی ئاست بەرزی سەبارەت بە دۆسیەی ئێران ئەنجامداوە.

لەلایەکی دیکەوە کەناڵی ئێن بی سی نیوز ئاشکرای کردووە؛ ناتانیاهۆ لە میانی کۆبوونەوەی داهاتووی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ لە فلۆریدا کە بڕیارە لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمدا بەڕێوەبچێت دۆسیەیەکی هەستیار دەوروژێنێت. سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە نیازە کورتەیەک لە هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییە نوێیەکان بخاتە بەردەم سەرۆکی ئەمەریکا، تێیدا تیشک دەخرێتە سەر فراوانبوونی بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستی و ئاوەدانکردنەوەی ئەو دامەزراوانەی کە پێشتر لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیلدا تێکدرابوون.

ئیسرائیل پێی وایە تاران هێڵەکانی بەرهەمهێنانی مووشەکی دەستپێکردووەتەوە و بەرگریی ئاسمانی خۆی بە سیستەمی جێگرەوەی ئێس 300 بەهێز دەکاتەوە و ئەمەش وەک مەترسییەکی دەستبەجێ دەبینرێت کە پێویستی بە وەڵامدانەوەی خێرا هەیە.

بەگوێرەی سەرچاوەکان ناتانیاهۆ کۆمەڵێک سیناریۆی جیاواز پێشکەش بە ترەمپ دەکات؛ لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی تەنیا لەلایەن ئیسرائیلەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە پشتیوانی سنوورداری ئەمەریکا یان ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی بەرفراوان و هێرشی تەواوەتی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران.

ئەو سەرچاوە ئاگادارانە هۆشداری دەدەن، ئەگەر ڕێگری لە ئێران نەکرێت توانای بەرهەمهێنانی سێ هەزار مووشەکی بالیستیی لە مانگێکدا دەبێت.

دۆناڵد ترەمپ هەفتەی ڕابردوو هۆشداری دابوو، هەر هەوڵێکی ئێران بۆ بنیاتنانەوەی بەرنامە مووشەکییەکەی بەبێ ڕێککەوتن دەبێتە هۆی لێدانی توند و بڕیارە دیداری داهاتووی نێوان هەردوو سەرکردە ڕەوتی ڕووبەڕووبوونەوەی داهاتوو لەگەڵ ئێران دیاری بکات جا چ لە ڕێگەی پەرەسەندنی سەربازییەوە بێت یان گەڕانەوە بۆ مێزی دانوستان.

 ئەم جوڵە ئەمنییەی تەلئەڤیڤ دوای گەیشتنی ئەو هەواڵگرییانە دێت کە ئاماژە بەوە دەکەن تاران پڕۆسەی دووبارە بنیاتنانەوەی بەرنامەی مووشەکی بالیستی خۆی خێراتر کردووە. هەرچەندە کەناڵی کان گومان دەکات دۆناڵد ترەمپ گڵۆپی سەوزی بۆ هێرشێکی دەستبەجێ هەڵکردبێت بەڵام ئاماژەی بەوە کردووە؛ توانای مووشەکی ئێران لەوە کەمترە کە هەندێک ڕاپۆرتی دەرەکی باسی لێوە دەکەن.

 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل