پزیشکیان: بە مەرج هێرشی سەر وڵاتانی دراوسێ ناکەین

سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کاتی رازی بووە، هێرش نەکاتە سەر وڵاتانی دراوسێ، مەگەر هێرشەکان لەو وڵاتانەوە سەرچاوە نەبن.

ئەمڕۆ شەممە، 07ـی ئاداری 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەر و ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی وڵاتەکەی پشتڕاست کردەوە و رایگەیاند، وڵات لە دۆخی جەنگدایە. هاوکات رەخنەی توندی لە وڵاتانی رۆژئاوا و بانگەشەکارانی مافی مرۆڤ گرت بەوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکەن و نەخۆشخانە و قوتابخانەکان دەکەنە ئامانج.

سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوە دا، بەهۆی کوژرانی فەرماندەکانەوە هێزە چەکدارەکانی ئێران بە ناچاری و بە شێوەی "ئاگر بە ئیختیار" (سەرپشک لە تەقەکردن) هەنگاویان ناوە و هێرشیان کردووەتە سەر چەند وڵاتێکی دراوسێ.

پزیشکیان لەوبارەیەوە گوتی، "پێویستە لێرەوە لە وڵاتانی دراوسێ بەهۆی ئەو هێرشانەی کراوەتە سەریان داوای لێبووردن بکەم، ئێمە نیازی دەستدرێژیمان نییە و ئەوان بە برای خۆمان دەزانین."

ئەو روونیشی کردەوە، لە کۆبوونەوەی دوێنێ (هەینی، 06ـی ئاداری 2026)ـی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی بڕیار دراوە هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ رابگیرێت و کێشەکان بە دیپلۆماسی چارەسەر بکرێن، مەگەر ئەو وڵاتانە خۆیان دەستپێشخەریی هێرش بن بۆ سەر ئێران.

مەسعوود پزیشکیان جەختی کردەوە، حکوومەت و هێزەکان بە هەموو توانایانەوە لەسەر خەتن و وڵات بۆ جەنگ ئامادە دەکەن، داواشی لە هاووڵاتییان کرد بەبێ گوێدانە جیاوازییەکان یەکگرتوو بن و بەرگری لە خاک بکەن.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا پزیشکیان هۆشداریی دایە وڵاتانی ناوچەکە و گوتی، "باشترە نەبنە داردەستی ئیمپریالیزم و ئیسرائیل و ئەمریکا، سەربەرزی لە هاوکاریکردنی داگیرکەراندا بەدەست نایەت."