دانیشتووانی غەززە؛ لە دۆزەخی خێوەتەوە بۆ مەرگی ژێر داروپەردوو

ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی غەززە ناچارن لە خانووە وێراکراوەکاندا بژین و گوێ بە دیوارە ڕووخاو و درزبردووەکانی نەدەن، چونکە هەرچۆنێک بێت لەوە باشترە لەژێر خێوەتە شڕ و تەڕەکاندا بژین.

لەگەڵ بارانی بەخوڕدا کە چەند ڕۆژێک کەرتی غەززەی گرتەوە، چەندان بینا و خانوو بەسەر سەری دانیشتووانەکەیدا ڕووخان؛ بەجۆرێک لانیکەم 20 بینا و خانوو لە ماوەی 10 ڕۆژدا داڕمان؛ ئەوەش بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 15 فەڵەستینی. 

بەرەبەیانی دوێنێ یەکشەممە،21ـی کانوونی یەکەم 2025، بینایەکی نیشتەجێبوون لە گەڕەکی شێخ ڕەزوان، لە باکووری شاری غەززە ڕووخا؛ ئەمەش بووە هۆی گیانلەدەستدانی 5 فەڵەستینی، کە پیاوێک و هاوسەرەکەی و دوو کچەکەی و نەوەکەی بوون. تیمەکانی بەرگریی شارستانی توانیان سێ کەسی دیکە لە ئەندامانی خێزانەکە لەژێر داروپەردووی بیناکە ڕزگار بکەن.

لە ماوەی 10 ڕۆژی ڕابردوودا، تەنیا لە گەڕەکی شێخ ڕەزوان لانی کەم شەش بینا ڕووخاون؛ لەکاتێکدا زۆربەی بینا و خانووەکانی شاری غەززە بە هۆی شەڕەوە ڕووخاون بە تایبەتی لە گەڕەکی نەسر، کەمپی شاتی و گەڕەکی تەل هەوا.

پسپۆڕان لایانوایە تەقاندنەوەی ئەو خانوو بینایانە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە بە بەکارهێنانی ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو لە ناوچە جیاجیاکانی کەرتەکە، یەکێک بێت لە هۆکارەکانی زیادبوونی داڕووخانی خانووەکان، چونکە چەندان تۆن تەقەمەنی لە ئۆتۆمبیل باردەکرێت و لەدوورەوە دەتەقێنرێتەوە؛ ئەمەش هەژان و لەرزەیەکی بەهێز دروست دەکات کە کاریگەرییەکەی چەندان کیلۆمەتر درێژ دەبێتەوە و هەندێک جار لە ناوەڕاستی ئیسرائیلدا هەستی پێ دەکرێت.

سەنتەرەکانی داڵدەدان مەترسیدارن

مەحمود بەسەل، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی غەززە، بە ڕۆژنامەی 'شەرقولئەوسەت'ـی گوت: زیاتر لە 90 بینای نیشتەجێبوون، کە ئێستا پەناگەی هەزاران کەس لە دانیشتووانی غەززەن، مەترسیی ڕووخانیان لەسەرە. 

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی غەززە،  ئاماژەی بەوەش کرد "تیمە تایبەتمەندەکانی بەرگریی شارستانیی و لایەنەکانی دیکە، گەڕان و پشکنینی فراوانیان کردووە و داوایان لە دانیشتووانی ئەو بینایانە کردووە چۆڵی بکەن، هەروەها هۆشدارییان داوەتە دانیشتووانی بیناکانی دیکە لەوەی ڕەنگە لە هەر ساتێکدا بڕووخێن."

بەسەل، گوتیشی: بەرگریی شارستانیی غەززە، قەیرانی نەبوونی توانای تەکنیکی و ئامێری تایبەتیی هەیە، لەبەر ئەوە ناتوانین بە گوێرەی پێویست فریای ئەو هاووڵاتییانە بکەوین کە خانوو و بیناکانیان بەسەردا دەڕووخێن؛ ئێمە ناچارین بۆ دەر‌هێنان و ڕزگارکردنینان لە ژێر داروپەردوودا، تەنیا پشت بە هێزی بازوو و ئامێری سەرەتایی ببەستین.

ئەو، هەروا ئاماژەی بەوەش کرد "ناوەندەکانی داڵدەدانیش بەهۆی بارانی بەخوڕەوە ژێرئاو کەوتوون و ئاوارەکان جارێکی دیکەش ئاوارە بوونەتەوە."

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی غەززە، داوای کرد کار بۆ بەهاناوەچوونی دانیشتووانی کەرتەکە و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان و دانانی کەرەڤانە وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی ڕاستەقینە و گوتیشی: دواخستنی ئەم بابەتە، دەبێتە هۆی کارەساتی گەورەتر و قوربانیی زیاتر.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی غەززە، لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد کە 22 خانوو و بینا لە 10 ڕۆژی ڕابردوودا ڕووخاون و لە ئەنجامدا 18 کەس گیانیان لە دەست داوە. 

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل