120 ملیار دینارەکە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق
120 ملیار دینارەکەی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی کانوونی یەکەمی 2025، 120 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتیی هەرێم بۆ مانگی تشرینی یەکەم (10) بە شێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی یەکشەممە، 07ـی کانوونی یەکەمی 2025، لیستی مووچەی مانگی تشرینی دووەم (11)ـی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە لایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتەکەوە، ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵی عێراق کرا.
کۆتا جار مووچە لە لایەن بەغداوە خەرج کرابێت، ڕۆژی شەممە، 29ـی تشرینی دووەمی 2025، بوو، کاتێک بڕی 941 ملیار و 874 ملیۆن دینار خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، وەک شایستەی مووچەی مانگی ئەیلوول (9)ـی فەرمانبەر و مووچەخۆران.
بەگوێرەی ڕێککەوتنەکان، پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی ناوخۆیی و نەوتی ڕادەستی بەغدا بکات، لە بەرامبەردا حکوومەتی فیدراڵ شایستە داراییەکانی هەرێم، بەتایبەتی مووچەی فەرمانبەران، دابین بکات.
