پارێزگاری هەولێر: پڕۆژەی جووتسایدی هەولێر- گۆمەسپان تەواو بوو و سەرەتای ساڵی نوێ دەکرێتەوە
ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ڕایگەیاند؛ کارکردن لە پڕۆژەی ستراتیجیی جووتسایدی (هەولێر- گۆمەسپان) تەواو بووە و تەنیا کارەکانی دەروازەی هەولێر و هەندێک وردەکاریی کۆتایی ماون. بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پڕۆژەکەش ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا سەرقاڵی هێڵکاری و شۆردنی ڕێگەکە و چەند وردەکارییەکی دیکەن، بڕیاریشە لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێدا ڕێگەکە بە ڕووی شۆفێراندا بکرێتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدەا هاتووە؛ پڕۆژەکە درێژییەکەی 16 کیلۆمەترە و پانیی هەر سایدێکی 10 مەتر و 75 سانتیمەترە، بە باشترین کوالێتی و ستانداردی جیهانی دروست کراوە. بۆ قیرتاوکردنی ڕێگەکە سێ چینی قیر بەکار هاتووە تاوەکو بەرگەی هاتوچۆی زۆری ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان بگرێت، خێرایی لێخوڕینیش تێیدا 100 کیلۆمەتر دەبێت لە سەعاتێکدا. لە ئێستادا تەنیا تەواوکردنی دەروازەی هەولێر و بەشێک لە پردی چوارڕیانی گۆمەسپان ماوە، کە پێشبینی دەکرێت لە ماوەی ١٠ بۆ ١٥ ڕۆژی داهاتوودا بەتەواوی کۆتاییان بێت.
دەشڵێت: ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لە گرنگترین پڕۆژە ستراتیجییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر و لە چوار پرد، یەک ئەندەرپاس، 40 ئاوبەری سندووقی، پەرژینی خۆپاراستن و سیستمی ئاوەڕۆ پێکدێت. جێگەی دەستخۆشییە کە لەم پڕۆژەیەدا دوو هەزار کارمەند و 600 ئامێری جۆراوجۆر کاریان تێدا کردووە، کە %100ـی پشتی بە هێزی کاری ناوخۆیی بەستووە. بە تەواوبوونی ئەم ڕێگایە، سوودێکی زۆر بە هاتوچۆی هاووڵاتییان و گەشتیاران دەگەیەنێت و قەرەباڵغیی سەر ڕێگەکە کەم دەکاتەوە، کە پێشتر بەهۆی یەک سایدبوونییەوە ڕووداوی نەخوازراوی لێ دەکەوتەوە.
ئەم پڕۆژەیە هاوتەریبە لەگەڵ پڕۆژەی دووسایدی گۆمەسپان- سماقووڵی و بەستنەوەیان پێکەوە، ڕێگەی نێوان هەولێر تا سماقووڵی بە درێژیی 38 کیلۆمەتر دەبێتە دووساید. جێگەی ئاماژەیە، بەردی بناغەی ئەم پڕۆژەیە لە 10ـی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو لەلایەن مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دانرا، وەک بەشێک لە پلانی حکوومەت بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی ڕێگاوبان و ئاسانکاری بۆ هاتوچۆی نێوان شارەکان.
