نەغەدە میوانداریی فلامینگۆکان دەکات

سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی ژینگەی نەغەدە، دەڵێت، چاودێرانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان ژمارەیەک فلامینگۆی کۆچەریان لە زۆنگاوی 'سوڵدوز'ی نەغەدە بینیووە.

ئەکبەر قایمی، سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی ژینگەی نەغەدە، بە ئاژانسی هەواڵی 'ئیرنا'ی گوت: چاودێران پۆلێکی پێکهاتوو لە 150 فلامینگۆی کۆچەریان بینیووە کە لە ناوچەکانی باکوورەوە گەیشتوونەتە ئەم زۆنگاوە.

قایمی، ڕوونیشی کردەوە "پۆلێک فلامینگۆ، پێکهاتوو لە 100 تا 150 دانە، لە باکوورەوە گەیشتوونەتە زۆنگاوی 'سوڵدوز' ماوەیەکی کورت بۆ حەسانەوە و خۆراک دەمێننەوە و دووبارە بەرەو باشوور کۆچ دەکەن."

سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی ژینگەی نەغەدە، گوتیشی: لەبەر گونجاوی ژینگەی زۆنگاوی سۆڵدوز، چاوەڕێ دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا جۆری دیکەی باڵندەی کۆچەر بگەنە ئێرە. شەپۆلی بارانی ئەم دواییە، قەبارەت ئاوی زۆنگاوەکەی گەیاندووەتە زیاتر لە شەش ملیۆن مەتر سێجا، ئەمەش بۆ میوانداریی ئەو باڵندە کۆچبەرانە زۆر گونجاوە.

فلامینگۆ، بە شێوەی بە کۆمەڵ و لە دەستەی چەند هەزار دانەییدا دەژین و کەنارەکانی دەریاچەی ورمێ و زۆنگاوەکانی پارێزگای شیراز، گرنگترین وێستگەی حەسانەوەی فلامینگۆن لە ئێران.

زۆنگاوی سوڵدوز، لە نەغەدە بە ناوچەیەکی پارێزراو دادەنرێت و هەرچەشنە چالاکییەکی ڕاوکردنی باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکانی دیکە تێیدا قەدەغەیە و سەرپێچیکاران بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

ئەم زۆنگاوە، کە دەکەوێتە 25 کیلۆمەتری شاری نەغەدە، لە ساڵی 2021ی بووژایەوە و دۆخی باشی ژینگەیی ئەم زۆنگاوە بووەتە هۆی کۆچکردن و هاتنی ژمارەیەکی زۆر لە باڵندە ئاوییەکان و کەناراو دۆستەکان و هەروەها گیانلەبەرانی دیکە بۆ ئەم ناوچەیە.
لە سنووری شارۆچکەی نەغەدە حەوت زۆنگاوی وەرزی و هەمیشەیی هەن کە ساڵانە زیاتر لە 10هەزار دانە لە جۆرە جیاوازەکانی باڵندە کۆچەر و خۆجێییەکان تێیدا دەژین.

نەغەدە دەکەوێتە باشووری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و لە 100 کیلۆمەتری شاری ورمێی ناوەندی ئەم پارێزگایە هەڵکەوتووە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل