چەند بانکێکی عێراق لەبەردەم مایەپووچبووندان

لەماوەی ساڵێکدا ئاستی یەدەگی بانکە عێراقییەکان بەڕێژەی 47% دابەزیووەئەوەش مەترسییەکی گەورەیە لەسەر داهاتووی بانکەکان.

بەپێی داتاکانی بانکی ناوەندیی عێراق یەدەگی بانکەکان بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە، داتاکان ئەوە دەردەخەن مانگی نۆی ساڵی ڕابردوو یەدەگی بانکە عێراقییەکان 54 ترلیۆن و 230 ملیار دینار بووە، بەڵام مانگی نۆی ئەمساڵ کەمبووەتەوە بۆ 28 ترلیۆن و 640 ملیار دینار.

کەمبوونەوەی گەورە لە یەدەگی بانکەکاندا لەو بەشەدا ڕوویداوە کە پێی دەگوترێت یەدەگی پابەندکراو یان بە مەرجکراو، ئەم یەدەگە مەرجی بانکی ناوەندییە بۆ بانکەکان، ئەم جۆرەیان ساڵی ڕابردوو 21 ترلیۆن و 550 ملیار دینار بووە، بەڵام لەمساڵدا بۆ شەش ترلیۆن و 100 ملیار دینار دابەزیووە.

کەمبوونەوەی خێرای یەدەگی بانکەکانی عێراق ئاماژەیەکی مەترسیدارە و وەکو زەنگێکی مەترسیدار بۆ کەرتی بانکیی عێراقی دەبینرێت، کە ئەگەر بەزوویی ئەو کێشەیە چارەسەر نەکرێت ئەگەری مایەپووچبوونی چەند بانکێک دێتەئاراوە.

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو کێشەیەی دروستبووە ئەوەیە کە بانکی ناوەندیی عێراق و کۆی بانکەکانی دیکەش نەیانتوانیوە ئەو پلانە جبەجێ بکەن کە گەڕاندنەوەی پارەیە بۆناو سیستەمی بانکی.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی بانکی ناوەندیی عێراق، هێشتا بەشێکی گەورەی پارەی چاپکراو لەدەرەوەی سیستمی بانکیدا ماوەتەوە، داتاکان دەریدەخەن؛ کۆی پارەی دەرچوو لە بانک بۆ 99 ترلیۆن و 680 ملیار دینار کەمبووەتەوە، لەکاتێدا لە مانگی ئابدا پارەی دەرچوو لە بانک 100 ترلیۆن و 250 ملیار دینار بووە.

بانکەکان نەیانتوانیوە پارەیەکی زیاتر لە بازاڕەکان ڕابکێشنەوە بۆ ناو سیستمی بانکی، بەشێوەیەک کە تا مانگی نۆ، 92 ترلیۆن و 190 ملیار دینار لە دەرەوەی سیستمی بانکی ماوەتەوە و تەنیا حەوت ترلیۆن و 500 ملیار دینار لەناو سیستمی بانکیدا بووە.

هەموو ئەم داتایانەش ئەوە دەردەخەن کە بانکی ناوەندیی عێراق و کۆی سیستمەکە نەیتوانیوە سەرکەوتووبێت لە ڕاکێشانەوەی پارە بۆناو بانکەکان.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل