گرووپێكی سێركی میسری له زاخۆ نمایش پێشکەش دەکەن
به میوانداری گرووپێكی میسری بۆ یاری سێرك، پرۆگرامی شهوانی سهری ساڵ له زاخۆ دهستیپێكردووه، شهوانه له پردی دهلال و كۆڕنیشی زاخۆ چالاكییهكان ئهنجام دهدرێن.
دلخاز مووسا، بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری و هونەری زاخۆ بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، پلانێکی تۆکمەی ئەمنی و هاتوچۆی زۆر باش بۆ بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە ئامادەکراوە و لە هەموو ڕووێکەوە زاخۆ ئامادەیە بۆ پێشوازی لە گەشتیاران .
ئەوەشی خستە ڕوو، تا 26ی کانوونی یەکەم نمایشی گرووپە میسرییەکە بەردەوام دەبێت و دواتر چالاکییەکانی دیکەی ئاهەنگی سەری ساڵی نوێی 2026 بەردەوام دەبن.
لە بارەی ئاهەنگەوە ئەندامێکی گرووپە میسرییەکە بەناوی ئەحمەد جەمال بە کوردستان24ی گوت: "بۆ پێنج ڕۆژ لە زاخۆ دەمێنینەوە، کۆمەڵێک نمایشی سەرنجڕاکێش ئەنجام دەدەین و بە هیواین ببێتە جێگەی ڕەزامەندی جەماوەری هەرێمی کوردستان، ئێرە وڵاتی دووەممانە و گەلی کورد هاوشێوەی میسرییەکان گەلێکی باشن."
هەروەها ئەحمەد جەمال ئاماژەشی دا"سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی سەردانی میسری کردووە و پەیوەندییەکانی نێوان میسر و هەرێمی کوردستان بەردەوام و کاریگەرن."
محەممەد هیشام، هاووڵاتییەکی دیکەی میسرییە دەڵێت: "زاخۆ یەکێکە لە جوانترین ئەو شارانەی سەردانم کردووە، ئەمشەو نمایشێکی جوان و سەرنجڕاکێش ئەنجامدرا و خەڵکەکە دڵخۆشبوون و بە نیازین نمایشی باشتریش پێشکەش بکەین."
ئەسعەد سەباح، یەکێک لە بەشداربووانی نمایشەکە گوتی"نمایشەکانمان بریتین لە تەنوورە و مەلەوی و ئاگر، ئەو کەسەی نمایشی تەنوورە دەکات جلێکی گەورە لەبەر دەکات و ڕووناکی پێوەدەبەسترێت و کەسەکە دەخوولێتەوە و نمایشێکی سەرنجڕاکێش پێشکەش دەکات."
جیاواز لە ڕازاندنەوەی ناو شار، بڕیارە لە 10 شەوی کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمدا، هەموو شەوێک لە زاخۆ بە چەندین چالاکی جۆراوجۆر و یاریی ئاگرین پێشوازی لە ساڵی نوێ بکرێت.
