پشدەر.. بەهۆی تەقینەوەی مینێک 25 سەر ئاژەڵ مردار بوونەوە

لە سنووری گوندی گرتک سنووری ناودەشت لە قەزای پشدەر، مینێکی پاشماوەی جەنگ بە ڕانەمەڕێکدا تەقییەوە و بەهۆیەوە زیانێکی زۆری ماددی بە خاوەنەکەی گەیاند، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبوو.

حەمە عەلی مینە، خاوەنی ڕانەمەڕەکە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "ڕووداوەکە لە ناوچەیەک ڕوویداوە کە پێی دەڵێن (بەنەبارێ)، لەوێ مین بە مەرەکانمدا تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە 25 سەر مەڕ و بزن بەر تەقینەوەکە کەوتوون و دەستبەجێ مردار بوونەتەوە، بەڵام سوپاس بۆ خوا شوانەکە سەلامەتە."

سەبارەت بە مەترسیی ناوچەکە، خاوەنی ڕانەمەڕەکە ئاشکرای کرد: "ئەو شوێنەی مینەکەی لێ تەقیوەتەوە، لە سەردەمی حکوومەتی بەعسدا ڕەبایەی سەربازی بووە و تا ئێستا شوێنەوار و پاشماوەی شەش ڕەبایەی لێ ماوە و پاک نەکراونەتەوە."

حەمە عەلی ئاماژەی بەوەش دا، کە ئەوان ئاگادارن ناوچەکە مەترسیدارە و مینی لێیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی لەوەڕگای دیکە بۆ گوندەکەیان، ناچارن مەڕوماڵاتەکانیان بۆ ئەو ناوچەیە ببەن.

ئەو ئاژەڵدارە ئەوەشی خستەڕوو، ئەمە یەکەمجار نییە لەو ناوچەیە مین دەتەقێتەوە، بەڵکو پێشتریش خەڵک و ڕانەمەڕی دیکە بەرکەوتوون و زیانی گیانی و ماددی لێ کەوتووەتەوە.

ناوچە سنوورییەکانی پشدەر بەهۆی شەڕ و ململانێکانی ڕابردوو، بەتایبەت شەڕی عێراق و ئێران و بوونی بنکە سەربازییەکانی ڕژێمی پێشوو، هێشتا ڕووبەرێکی فراوانیان بە مین چێنراوە و ساڵانە دەبنە هۆی قوربانیبوونی هاووڵاتییان و ئاژەڵداران.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل