بە بیابانبوون هەڕەشە لە 96 ملیۆن دۆنم زەوی چاندن لە عێراق دەکات
بەپێی نوێترین ئاماری فەرمی، دیاردەی بیابانبوون لە عێراقدا لە قۆناغی هۆشداری تێپەڕیوە و بووەتە ڕاستییەکی تاڵ کە هەڕەشە لە ملیۆنان دۆنم زەوی و ئاسایشی خۆراکی وڵاتەکە دەکات.
ڕاپۆرتێکی نوێی دەزگای ناوەندیی ئامار لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشکرای دەکات، پانتایی ئەو زەوییانەی مەترسیی بیابانبوونیان لەسەرە گەیشتووەتە 96.5 ملیۆن دۆنم، لە کاتێکدا زیاتر لە 40 ملیۆن دۆنم زەوی بە تەواوی بوونەتە بیابان، ئەم ئامارە گوزارشت لە قەیرانێکی ژینگەیی و ئابووریی گەورە دەکات کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و سیاسەتە ئاوییەکانەوە بەرۆکی عێراقی گرتووە.
ئامارەکان نیشانی دەدەن، کۆی گشتی ئەو زەوییانەی لە ساڵی 2024 دا چێندراون تەنها 11.9 ملیۆن دۆنم بووە، ئەوەی زیاتر جێی نیگەرانییە، کەمبوونەوەی ئەو زەوییانەیە کە پشت بە ئاوی ڕووبارەکان دەبەستن بۆ تەنیا 1.5 ملیۆن دۆنم، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ وشکبوونی سەرچاوە سەرەکییەکانی ئاو.
شارەزایانی بواری کشتوکاڵ و ژینگە، هۆکارەکانی ئەم داڕمانە بۆ چەند خاڵێک دەگەڕێننەوە، ئەوانیش: سیاسەتی ئاویی وڵاتانی دراوسێوەک تورکیا و ئێران بە دروستکردنی بەنداو و گۆڕینی ڕێڕەوەکانی ئاو، پشکی عێراقیان لە ڕووبارەکانی دیجلە و فورات بە شێوەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە.
هەروەها لەبارەی گۆڕانی کەشوهەواوە، عێراق یەکێکە لەو پێنج وڵاتەی جیهان کە زۆرترین کاریگەریی خراپی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە، لەوانە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و کەمبوونەوەی بارانبارین.
سەبارەت بەڕێوەبردنی ناوخۆیی، بەکارنەهێنانی تەکنەلۆژیای نوێی ئاودێری و پشتبەستن بە بیرەکان، کە بووەتە هۆی دابەزینی ئاوی ژێرزەوی و زیادبوونی ڕێژەی خوێ لە خاکدا.
ساڵح مەهدی، ئەندازیاری کشتوکاڵی، ئاماژە بەوە دەکات، عێراق ڕووبەڕووی سەختترین قەیران لە دوای چەندین دەیە بووەتەوە، ئەو دەڵێت: ئەوەی دەیبینین تەنیا گۆڕانکارییەکی کاتی نییە، بەڵکو لەناوچوونێکی سیستماتیکی بنەماکانی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵییە.
کاریگەرییەکانی بیابانبوون تەنیا لە کەمبوونەوەی سەوزاییدا کورت نابنەوە،شارەزایانی ژینگە هۆشداری دەدەن کە نەمانی سەوزایی دەبێتە هۆی دروستبوونی گەردەلوولە خۆڵاوییەکان، کە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر تەندروستیی گشتی هەیە، هەروەها دابەزینی ئاستی ئاوی ڕووبارەکان بووەتە هۆی تێکچوونی بەرهەمی خۆراکی و لەناوچوونی سامانی ماسی.
لەلایەکی دیکەوە، ئەم قەیرانە گۆڕانکاریی دیمۆگرافی لێکەوتووەتەوە. بەهۆی نەمانی توانای کشتوکاڵکردن، شەپۆلێکی گەورەی کۆچی گوندنشینان بەرەو شارەکان دەستی پێکردووە، ئەمەش گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر خزمەتگوزارییەکان لە شارە گەورەکاندا و مەترسیی لەسەر دابینکردنی گەنم و سەوزەی ناوخۆیی دروست کردووە.
عێراق کە مێژوویەکی دێرینی لە کشتوکاڵدا هەیە و بە وڵاتی نێوان دوو ڕووبار ناسراوە، لە ساڵانی دواییدا بەهۆی جەنگەکان، گەمارۆ ئابوورییەکان و پشتگوێخستنی کەرتی کشتوکاڵ، گۆڕاوە بۆ وڵاتێک کە بۆ دابینکردنی زۆربەی پێداویستییە خۆراکییەکانی پشت بە هاوردەکردنی دەرەکی دەبەستێت. پسپۆڕان جەخت دەکەنەوە کە ئەگەر عێراق پەنا بۆ تەکنیکە نوێیەکانی ئاودێری و دیپلۆماسییەکی ئاویی بەهێز نەبات، ڕووبەڕووی کارەساتێکی ژینگەیی دەبێتەوە کە گەڕانەوە لێی ئەستەم دەبێت.
