مۆسکۆ: بە تەواوی پشتیوانی ڤەنزوێلا دەکەین لە بەرانبەر گەمارۆکان ئەمەریکا

لە کاتێکدا گرژییەکان لە دەریای کاریبی و دەوروبەری ڤەنزوێلا گەیشتوونەتە لووتکە، ڕووسیا ئەمڕۆ دووشەممە 22ـی کانوونی یەکەمی 2025، پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ ڤەنزوێلا ڕاگەیاند لە بەرانبەر ئەو گەمارۆیەی هێزی دەریایی ئەمەریکا خستوویەتییە سەر کەشتییە نەوتییەکانی ئەو وڵاتە.

ئەم هەڵوێستەی مۆسکۆ تەنیا ڕۆژێک پێش کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دێت، کە بڕیارە ڕۆژی سێشەممە بۆ تاوتوێکردنی قەیرانی نێوان واشنتن و کاراکاس بەڕێوەبچێت.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و ئیڤان گیل، هاوتا ڤەنزوێلییەکەی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە توندی سەرکۆنەی جووڵەکانی ئەمەریکایان کردووە، کە دوایین هەنگاویان دەستبەسەرداگرتنی دوو کەشتیی نەوتهەڵگر بووە و بەرپرسێکی ئەمەریکیش ئاشکرای کردووە کە بەدوای کەشتیی سێیەمیشەوەن.

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندووە: لایەنی ڕووسی پشتیوانیی تەواو و هاوسۆزیی خۆی بۆ سەرکردایەتی و گەلی ڤەنزوێلا دووپات دەکاتەوە و نیگەرانیی قووڵی هەیە بەرانبەر هەڵکشانی کردەوەکانی واشنتن لە دەریای کاریبی کە هەڕەشەن بۆ سەر دەریاوانیی نێودەوڵەتی.

ئەم گرژییانە دوای ئەوە دێن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە 16ی کانوونی یەکەم گەمارۆی خستە سەر کەشتییە نەوتییە سزادراوەکان کە لە ڤەنزوێلاوە هاتووچۆ دەکەن. ترەمپ بانگەشەی ئەوە دەکات کە حکوومەتەکەی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ئەو وڵاتە داهاتی نەوت بۆ تیرۆری ماددەی هۆشبەر و کوشتن بەکاردەهێنێت و تۆمەتباری کردوون بەوەی نەوتی ئەمەریکایان بردووە، کە ئاماژەیە بۆ خۆماڵیکردنی کەرتی نەوتی ئەو وڵاتە.

بەپێی زانیارییەکان، هێزەکانی ئەمەریکا لە مانگی ئەیلوولەوە زنجیرەیەک هێرشیان کردووەتە سەر چەند بەلەمێک لە دەریای کاریبی و زەریای هێمن بە پاساوی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر، کە بەهۆیەوە زیاتر لە 100 کەس کوژراون و لەنێویاندا ماسیگر هەبووە.

لە بەرانبەردا، ڤەنزوێلا وێڕای ڕەت کردنەوەی تۆمەتەکان، کردەوەکانی ئەمەریکا بە چەتەیی نێودەوڵەتی و هەوڵدان بۆ گۆڕینی ڕژێم وەسف دەکات.

هەریەک لە ڕووسیا و چین پشتیوانیی خۆیان بۆ داواکاریی ڤەنزوێلا دەربڕیوە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش تاوەکوو سنوورێک بۆ ئەوەی ناویان ناوە هێرشە بەردەوامەکانی ئەمەریکا دابنرێت.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل