ناتانیاهۆ بۆ ئێران: هەر کردەوەیەک لە دژی ئیسرائیل وەڵامێکی زۆر سەختی دەبێت

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکدا هۆشداری دەداتە تاران و ڕایدەگەیەنێت، بە وردی چاودێریی جووڵە سەربازییەکانی ئێران دەکەن و هەر هەڵەیەک بەرانبەر ئیسرائیل باجێکی قورسی دەبێت.

بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە لێدوانێکدا ئاشکرای کرد، ئاگادارم کە بەم دواییانە ئێران ڕاهێنانی سەربازیی ئەنجام داوە، ئێمە چاودێری دەکەین و ئامادەکاریی پێویستیشی بۆ دەکەین.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل زۆر بە ڕاشکاوی پەیامێکی ئاراستەی تاران کرد و گوتی: هەر کردەوەیەک لەدژی ئیسرائیل وەڵامێکی زۆر سەختی دەبێت.

سەبارەت بە خواستی ئیسرائیل بۆ دۆخی ناوچەکە، ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوە دا لەبری گەلی ئیسرائیل و هاوبەشەکانی قسە دەکات و گوتی: کەس چاوی لە ڕووبەڕووبوونەوە نییە و سەقامگیری و ئاشتیمان دەوێت، بەڵام هیوادارین تاقی نەکرێینەوە.

هەروەها جەختی کردەوە لەسەر هاوپەیمانێتییان بۆ پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان، پاراستنی ڕێڕەوە ئاوییەکان و بەرگریکردن لە وڵاتانی یەکدی و خاڵە هاوبەشەکان.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل