کچە سەربازێکی کورد لە سوپای ئەڵمانیا بە فیلمێکی بەڵگەنامەیی هەولێر سەرسام دەکات
لە رێوڕەسمێکی شایستەدا و بە ئامادەبوونی خانەوادەکەی و ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان و بەرپرسانی حکوومی، بێریڤان محەممەد مەلائەسعەد، کە کچە کوردێکی سەربازە لە سوپای ئەڵمانیا، فیلمە بەڵگەنامەییەکەی خۆی بە ناونیشانی (ئەو ڕۆژەی خۆر هەڵنەهات) لە هۆڵی سینەمای ئێمپایەر لە شاری هەولێر نمایش کرد.
بێریڤان لەم فیلمەدا پەردە لەسەر ژیانە پڕ لە هەوراز و نشێوەکەی لادەدات؛ ئەو وەک منداڵێکی تەمەن 10 ساڵان باس لەو ئازارە قووڵە دەکات، بەهۆی لەدەستدانی باوکیەوە چەشتوویەتی. فیلمەکە گەڕانێکی قووڵە بەدوای شووناسی باوکیدا کە یەکێک بووە لە رۆژنامەنووسە ناودارە قوربانییەکانی جەنگ.
ئەم کچە کوردە لە فیلمەکەدا تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵ و پێگەی خۆی وەک سەرباز، ڕاوێژکار و وەرگێڕ لە ناو سوپای ئەڵمانیادا، کە چۆن هاوشانی هێزەکانی پێشمەرگە لە سەنگەرەکانی بەرگریی دژی تیرۆریستانی داعش جەنگاوە و خزمەتی کردووە.
بێریڤان محەممەد لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد؛ ئامانجی سەرەکی لەم فیلمە، جگە لە گێڕانەوەی ژیانی خۆی، پەیامێکە بۆ پاراستنی ڕۆژنامەنووسان و پەیامنێرانی جەنگ. ئەو گوتی: "کورد دوژمنی زۆرە، بۆیە پێویستە میدیاکارەکانمان بپارێزین تا بتوانن بە یەکگرتوویی دەنگی ستەم و مەزلومیەتی گەلی کورد بگەیەننە هەموو جیهان."
فیلمی (ئەو ڕۆژەی خۆر هەڵنەهات) لە لایەن کۆمپانیای ناوداری (JOOL) بەرهەمهێنراوە و کاری دەرهێنانی لەلایەن (دیار کورد)ەوە بۆ ئەنجامدراوە، تێیدا بە شێوازێکی هونەری و کاریگەر تێکەڵەیەک لە ئازاری منداڵیی و قارەمانێتی سەربازیی کچە کوردێکی تاراوگەی نیشان داوە.

