شاندی پارتی لەگەڵ عەممار حەکیم و موسەننا سامەڕائی کۆبووەوە
شاندی دانوستانکاری پارتی لە بەغدا، لەگەڵ عەممار حەکیم و موسەننا سامەڕائی کۆبووەوە.
لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانیدا بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق؛ داونیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 23ـی کانوونی یەکەم، شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی فازڵ میرانی، سەرۆکی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی، بە جیا لەگەڵ عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی و موسەننا سامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم کۆبووەوە.
هەر ئەمڕۆ سێشەممە، شاندی دانوستانکاری پارتی بە جیا لەگەڵ د. لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق و نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کۆبووەتەوە.
چاوەڕێ دەکرێت، هەر ئەمڕۆ، شاندی پارتی لەگەڵ سەرۆک و بەرپرسی حزب و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی سوننە و شیعە کۆببێتەوە.
شاندەکەی پارتی کە لە ئێوارەی دووشەممەوە، 22ـی کانوونی یەکەمی 2025ـەوە گەیشتووەتە بەغدا، پشکی کورد لە حکوومەتی داهاتووی عێراق و ئیستحقاقی پارتی وەک براوەی یەکەمی هەڵبژاردن لەگەڵ لایەنەکان تاوتوێ دهكات.
شاندی پارتی پێکدێن لە:
- فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی.
- فوئاد حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی.
- نەوزاد هادی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی.
- ئومێد سەباح، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی.
- فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا.
سەردانی ئەم شاندەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەغدا لە کاتێکدایە، هەوڵ و دانوستانەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق چڕبوونەتەوە. دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە 11ـی تشرینی دووەم، لایەنە سیاسییەکان بەتایبەت هێزە براوەکان، جووڵەیان بۆ پێکهێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی و دابەشکردنی پۆستە سیادییەکان دەستپێکردووە.
پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هێزی یەکەمی براوەی هەڵبژاردن لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، جەخت لەسەر بنەماکانی هاوسەنگی، هاوبەشی و سازان دەکاتەوە. چاوەڕوان دەکرێت گفتوگۆکانی ئەم شاندە لە بەغدا، کاریگەریی بەرچاوی لەسەر دیاریکردنی سەرۆک کۆمار و یەکلاییکردنەوەی پشک و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە حکوومەتی داهاتووی عێراقدا هەبێت.
