حکوومەتی لیبیا لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەی سوپاسالاری وڵاتەکە دەکات
سەرۆکی حکوومەتی لیبیا، فەرمانی پێکهێنانی ژوورێکی عەمەلیات (لێژنەی قەیران)ـی دا، بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ دەسەڵادارانی تورکیا سەبارەت بە کەوتنەخوارەوەی ئەو فڕۆکەیەی کە سوپاسالاری هێزە چەکدارەکانی لیبیای تێدا بوو.
سێشەممە، 23ـی کانوونی یەکەمی 2025، مێدیاکانی لیبیا بڵاویان کردەوە، محەممەد حەداد، سوپاسالاری هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکە، بە فڕۆکەیەکی تایبەت لە ئەنقەرەوە بەرەو لیبیا دەگەڕایەوە، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم فڕۆکەکەی کەوتە خوارەوە.
بە پێی مێدیاکانی لیبیا، بێسەروشوێنبوونی فڕۆکەی سوپاساری وڵاتەکە، بووە هۆکاری ڕاگرتنی تەواوی گەشتە ئاسمانییەکان لە فرۆكەخانەی ئیسەنبۆغا لە ئەنقەرە.
ئاماژەیان بەوەش کرد، عەبدولحەمید دەبیبە، سەرۆکی حکوومەتی لیبیا، فەرمانی پێکهێنانی ژوورێکی عەمەلیات (لێژنەی قەیران)ـی دا، بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ دەسەڵادارانی تورکیا سەبارەت بە کەوتنەخوارەوەی ئەو فڕۆکەیەی کە سوپاسالاری هێزە چەکدارەکانی لیبیای تێدا بوو.
لە لایەکی دیکەوە مێدیاکانی تورکیا بڵاویان کردەوە، فڕۆکەکە دوای چەند خولەکێک لە فڕین تووشی گرفتێکی تەکنیکی بووە، لە کاتی هەوڵدان بۆ گەڕانەوە بۆ فڕۆکەخانەی ئیسەنبۆغا و بەهۆی بەردەوامیی کێشە تەکنیکییەکەوە، پەیوەندییە ڕادارییەکانی پچڕاوە.
لای خۆیەوە، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، بڵاوی کردبووەوە، هێزەکانیان توانیویانە پارچەکانی فڕۆکە تێکشکاوەکە بدۆزنەوە، کە محەممەد عەلی ئەحمەد حەداد سوپاسالاری لیبیا لەگەڵ پێنج سەرنشینی دیکە تێدا بووە.
وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاماژەی بەوە دابوو، شوێنی دۆزینەوەی فڕۆکەکە دەکەوێتە دووریی 2 کیلۆمەتر لە باشووری گوندی "کەسیککاڤاک"ی سەر بە شارۆچکەی هەیمانە لە پارێزگای ئەنقەرە.
بە پێی زانیارییەکان، محەممەد حەداد، سوپاسالاری هێزە چەکدارەکانی لیبیا، بەیانی ئەمڕۆ بە بانگهێشتێکی فەرمی لە لایەن سوپاسالاری تورکیاوە، گەیشتبووە ئەنقەرە و چەندین کۆبوونەوەی فەرمی ئەنجام دابوو، یەکێک لەوانە؛ لەگەڵ یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا.
زانیاری لە بارەی فڕۆکەکەی سوپاسالاری لیبیا:
جۆر: فالکۆن 50
گەشت: کاتژمێر 8:10ـی ئەمشەو لە ئەنقەرەوە بەرەو لیبیا بە ڕێ کەوت.
ژمارەی سەرنشین: 5
