پۆلیتیکۆ: عێراق لە نێوان ململانێی گرووپەکان و مەرجە قورسەکانی ئەمەریکادایە

ڕۆژنامەی "پۆلیتیکۆ"ی ئەمەریکی لە ڕاپۆرتێکدا تیشکی خستە سەر ئاڵۆزییەکانی دۆخی سیاسی عێراق و ڕایگەیاند، پێکهێنانی حکوومەتی نوێ لە غیابی ڕەوتی سەدر و پاش سەرکەوتنی چوارچێوەی هەماهەنگی، وڵاتەکەی ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئالنگاری قورس کردووەتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، سەرەڕای ئەوەی محەممەد شیاع سوودانی لە هەڵبژاردنەکاندا ئەنجامی باشی بەدەستهێناوە و وەک سیاسەتمەدارێک ناسراوە، بەڵام چاودێران پێیان وایە هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی ئامادە نین بۆ خولی دووەم پشتگیری بکەنەوە. لەو بارەیەوە سەجاد جیاد، شرۆڤەکاری سیاسی ئاماژەی بەوە کردووە کە چوارچێوەی هەماهەنگی سەرۆک وەزیرانێکی دەوێت کە بتوانن کۆنترۆڵی بکەن و ڕێگری بکەن لەوەی دەسەڵاتەکان لای خۆی کۆبکاتەوە.

ڕاپۆرتەکە ئاشکرای کردووە؛ واشنتن فشارەکانی بۆ سەر بەغدا زیاتر کردووەتەوە. ئەمەریکا داوای چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران دەکات و هۆشداریشی داوە لە دانانی هەر کەسایەتییەک کە پەیوەندی بە میلیشیاکانەوە هەبێت لە پۆستە وەزاری و ئەمنییە هەستیارەکاندا. ئەمەش حکوومەتی داهاتوو دەخاتە نێوان بەرداشی داواکارییەکانی ئەمەریکا و هەژموونی گروپە چەکدارەکان کە لە پەرلەماندا زیاتر لە 100 کورسییان هەیە.

لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە کشانەوەی ڕەوتی سەدر کاریگەری نەرێنی لەسەر هاوسەنگی هێز دروست کردووە. حەمید سەید، سەرکردەی سیاسی ئاماژەی بەوە کردووە کە نەبوونی سەدرییەکان لە گۆڕەپانەکەدا "بۆشاییەکی هەڵبژاردنی" دروست کردووە لە بەرژەوەندی گرووپە میلیشیا ڕکابەرەکان شکایەوە، ئەمەش وای کردووە ئەو گرووپانە گەورەترین سەرکەوتنی سیاسی خۆیان لە دوای 2003وە بەدەستبهێنن.

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆ، ڕۆژنامەکە هۆشداری دەدات حکوومەتی نوێ ڕووبەڕووی ئابوورییەکی سەخت دەبێتەوە. قەرزی گشتیی عێراق گەیشتووەتە 69 ملیار دۆلار و بودجەی وڵاتیش هێشتا 90%ـی پشت بە نەوت دەبەستێت. پۆلیتیکۆ دەڵێت، بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و نەبوونی چاکسازی، ئەرکی حکوومەتی داهاتوو بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان قورستر دەکات.

ڕاپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە هەر کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، دەبێت هاوکات لەلایەن ئەمەریکا، ئێران و مەرجەعیەتی باڵای شیعەکانەوە قبوڵکراو بێت بۆ ئەوەی بتوانێت لەم دۆخە ئاڵۆزەدا بەردەوام بێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل