ئیسرائیل چاودێری هەوڵەکانی ئێران بۆ نۆژەنکردنەوەی دامەزراوە مووشەکییەکان دەکات

کەناڵی 12ـی ئیسرائیل لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، دامەزراوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل بە وردی چاودێری هەوڵەکانی ئێران دەکەن بۆ دووبارە بونیادنانەوەی پڕۆگرامی مووشەکی بالیستی،کە لە ماوەی شەڕی "12 ڕۆژە"دا گورزێکی کوشندەی بەرکەوتووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئێران لە ئێستادا هەوڵ دەدات لە ڕێگەی کڕینی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو لە چین، بەتایبەت ئامێری "میکسەری هەسارەیی" بۆ بەرهەمهێنانی سووتەمەنی، پڕۆسەی دروستکردنی مووشەک خێرا بکات.

بەگوێرەی ئامارەکانی کەناڵی 12ـی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکەن، پێش شەڕەکە، ئێران خاوەنی دوو هەزار مووشەکی بالیستی بووە، بەڵام دوای هەڵدانی 528 مووشەک و تێکشکانی بەشێکی زۆری کۆگاکانیان، ئێستا تەنیا نزیکەی هەزار مووشەکی ماوە؛ تاران ئامانجیەتی ئەم ژمارەیە بگەیەنێتە هەشت هەزار مووشەک. هەروەها لە کۆی 500 مووشەکهاوێژ، نزیکەی 300 دانەیان لەناوچوون یان زیانی توندیان بەرکەوتووە، هەرچەندە هێشتا بەشێک لە سیستەمە ژێرزەمینییەکانی لە ناوچە شاخاوییەکاندا پاراستووە.

لای خۆیەوە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە قودسەوە پەیامێکی هەڕەشەئامێزی ئاراستەی تاران کرد و جەختی کردەوە؛ وڵاتەکەی پابەندە بە بەرگریکردن و پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە لە ڕێگەی هێزەوە.

هاوکات، دامەزراوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل نیگەرانی خۆیان بە واشنتن گەیاندووە سەبارەت بە مانۆڕە مووشەکییەکانی سوپای پاسداران. کەناڵی 12ـی ئیسرائیل هۆشداری دەدات، هەرچەندە ڕەنگە لایەنەکان نەیانەوێت جەنگ دەستپێبکات، بەڵام "لێکدانەوەی هەڵە" بۆ ئەم مانۆڕانە مەترسیی هەڵگیرسانی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی لەناکاو و فراوان زیاد دەکات.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل