ئەمەریکا ڕەزامەندی لەسەر بەکارهێنانی یەکەم حەبی دابەزاندنی کێش دا

دەستەی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکی (FDA) بە فەرمی ڕەزامەندی لەسەر بەکارهێنانی"حەب"ی دابەزاندنی کێشی (ویگۆڤی Wegovy) کە بەرهەمی کۆمپانیای (نۆڤۆ نۆردیسک)ی دانیمارکیە دەربڕی، ئەم بڕیارە وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی لە بواری چارەسەرکردنی قەڵەویدا دەبینرێت و کۆتایی بەو قۆناغە دەهێنێت کە تەنیا پشت بە دەرزی دەبەسترا.

بەگوێرەی زانیارییەکان، چاوەڕوان دەکرێت حەبەکە تا مانگی کانوونی دووەمی  2026 بگاتە بازاڕەکانی ئەمەریکا. ئەمەش دەبێتە جێگرەوەیەکی پراکتیکی و ئاسان بۆ ئەو دەرزییانەی کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بۆ دابەزاندنی کێش بەکاردەهێندران، کۆمپانیای (نۆڤۆ نۆردیسک)ی دانیمارکی، کە بەرهەمهێنەری دەرمانەکەیە، ئەوەی خستووەتە ڕوو کە پلانیان هەیە بۆ ئەوەی لە ساڵی  2026 دا دەرمانەکە ڕەوانەی بازاڕەکانی بەریتانیا و ئەوروپا بکەن.

تاقیکردنەوە کلینیکییەکان کە لەسەر 1300 کەس ئەنجامدراون، ئەنجامی سەرسوڕهێنەریان هەبووە. ئەو حەبە کە  25ملگم لە ماددەی "سیماگلۆتاید"ی تێدایە، توانیویەتی لە ماوەی ساڵێکدا بە تێکڕا %16.6ی کێشی بەکارهێنەران دابەزێنێت، تەنانەت سێیەکی بەشداربووان توانیویانە %20 ی کێشی گشتیی جەستەیان لە ڕێگەی بەکارهێنانی حەبەکە دابەزێنن، ئەمەش هەمان ئەو کاریگەرییەیە کە دەرزییەکەی هەیبووە.

ئەم هەنگاوە پێگەی کۆمپانیا دانیمارکییەکەی لە بازاڕەکانی جیهاندا بەهێزتر کرد، بە تایبەت لە ئەمەریکا کە نزیکەی 100 ملیۆن کەس بەدەست قەڵەوییەوە دەناڵێنن. بەم بڕیارە، (نۆڤۆ نۆردیسک) پێش ڕکابەرە سەرسەختەکەی کە کۆمپانیای (ئیلای لیلی)یە کەوت، کە هێشتا حەبە تاقیکارییەکەی لەژێر وردبینیدایە و مۆڵەتی وەرنەگرتووە.

هاوکات لەگەڵ ئەم پێشکەوتنانە، ئاژانسی دەرمانی ئەوروپی (EMA) پێشنیازێکی نوێی خستە ڕوو. ئاژانسەکە داوای کردووە بەکارهێنانی دەرزی (مۆنجارۆ) بۆ منداڵانی تەمەن 10ساڵ بەرەو سەر زیاتر بەکاربهێندرێت،  بەتایبەت ئەو منداڵانەی تووشبووی شەکرەی جۆری دووەمن. توێژینەوەکان دەریانخستووە کە ئەم دەرزییە جگە لە ڕێکخستنی شەکرە، یارمەتی منداڵان دەدات بە ڕێژەی 11 %ی کێشیان دابەزێنن.

پسپۆڕانی تەندروستی پێیان وایە گۆڕینی دەرزی بۆ حەب، نەک هەر تێچووی دەرمانەکە لەسەر نەخۆش کەمدەکاتەوە، بەڵکو ئەو گرفتانەش چارەسەر دەکات کە بەهۆی کەمیی دابینکردنی دەرزییەکانەوە لە بازاڕدا دروست ببوون.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل