فیراس سدیق؛ حکوومەتی هەرێم پشتیوانییەکانی بۆ گەیشتن بە ئاسایشی خۆراک زیاتر دەکات
حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوە کردارییەکانی بۆ پەرەپێدانی کەرتی سامانی ئاژەڵ زیاتر دەکاتەوە. ئەم هەوڵانە بەشێکن لە پلانێکی ستراتیژیی کابینەی نۆیەم بۆ گەیشتن بە ئاستی خۆبژێوی لە بەرهەمە سەرەکییەکاندا و فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات.
د. فیراس سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ، لە لێدوانێکی تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ئامار و زانیاریی نوێی خستەڕوو. بەگوێرەی لێدوانی بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ، پێویستیی ساڵانەی هەرێمی کوردستان بۆ گۆشتی سوور 90 هەزار تۆنە. لەم بڕە، 40 هەزار تۆنی لەناوخۆدا بەرهەم دێت و 50 هەزار تۆنەکەی دیکە لە ڕێگەی هاوردەکردنی ئاژەڵی زیندووەوە پڕ دەکرێتەوە.
فیراس سدیق دەڵێت: "حکوومەت بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە هاوردەکردن، کارئاسانیی زۆری بۆ وەبەرهێنەران کردووە. هەر ئەمەش وایکردووە لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا پڕۆژەکانی قەڵەوکردنی ئاژەڵ لە 65 پڕۆژە زیاد ببێت بۆ 106 پڕۆژە. هاوکات ژمارەی سەرئاژەڵ لەم پڕۆژانەدا لە 21 هەزار سەرئاژەڵ بەرزبێتەوە بۆ 128 هەزار سەرئاژەڵ."
لە بواری بەرهەمهێنانی شیردا پێشکەوتنێکی بەرچاو تۆمار کراوە. فیراس گوتی: "پێویستیی ساڵانەی هەرێم 500 هەزار تۆن شیرە و 300 هەزار تۆنی لەناوخۆدا دابین دەکرێت. پێشتر بەرهەمی شیرەمەنیی ناوخۆیی پاکەتکراو لە بازاڕەکاندا دەگمەن بوو، بەڵام ئێستا پڕۆژەکانی تایبەت بەو بوارە لە 73 پڕۆژەوە بووەتە 82 پڕۆژە، گەشەکردنی ژمارەی مانگای شیردەر لە 7 هەزار سەرەوە بەزربووەتەوە بۆ 16 هەزار سەر، جۆرەها بەرهەمی شیرەمەنی بە براندی ناوخۆیی لە بازاڕەکاندا بەردەستن."
پڕۆژە پیشەسازییە گەورەکان ڕۆڵێکی گرنگیان لەم گۆڕانکارییەدا هەبووە. پڕۆژەی "مێگەل" نموونەیەکی دیارە و سەربڕخانەیەکی مۆدێرن لەگەڵ هێڵی بەرهەمهێنانی گۆشت لەخۆدەگرێت. هاوکات پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی شیر وەک "زووم"، "ڕامی فارم" و "سانین" کەرتی سامانی ئاژەڵیان بەرەو بە پیشەسازیبوون بردووە. پڕۆژەی "زووم" شیر لە جووتیار و ئاژەڵدارانی ناوچەکە وەردەگرێت، ئەم شێوازە پشتیوانییەکی ڕاستەوخۆیە بۆ بەرهەمهێنەرە خۆجێیەکان.
ئەم هەوڵانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە جیهان ڕووبەڕووی قەیرانی ئاسایشی خۆراک بووەتەوە. ناسەقامگیریی بازاڕە جیهانییەکان بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و ناکۆکییە هەرێمییەکانەوە، وایکردووە وڵاتان زیاتر پشت بە بەرهەمی ناوخۆیی ببەستن. جگە لەوەش، ئەم هەنگاوانە لەگەڵ کارنامەی سەرەکیی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ فرەچەشنکردنی ئابووری و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە داهاتی نەوت، یەکدەگرێتەوە. بەهێزکردنی کەرتی کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵ تەنیا هەنگاوێکی ئابووری نییە، بەڵکوو پێداویستییەکی ستراتیژییە بۆ دابینکردنی داهاتوویەکی سەقامگیرتر بۆ هەرێمی کوردستان.
