لە بەغدا پێشانگایەکی تایبەت بە تەسبیحە گرانبەهاکان کرایەوە
لە بەغدا پێشانگایەکی تایبەت بە تەسبیحە گرانبەهاکان کرایەوە. بەشێک لەو تەسبیحانەی نمایشکران لە بەردی کەهربی گرانبەها دروستکرابوون، تەنانەت تیایاندا بوو نرخەکەی دەگەیشتە 100 هەزار دۆلار. هەندێک کەسیش بۆ ڕازاندنەوەی تەسبیحەکەی لەگەڵ زێڕ تێکەڵی دەکات، بەمەش هێندەی دیکە نرخەکەی بەرز دەبێتەوە.
رەنگە بەیەکەم جاری سەیرکردن پێتوابێت تەنیا تەسبیحی ئاسایین و نرخیان هێندە نییە، بەڵام لە ڕاستیدا پێچەوانەیە، تەسبیحەکانی ئەم پێشانگایە زۆرینەیان لە بەردی گرانبەهای کە هرب و جۆرەکانی دیکەی بەردی گرانبەها دروستکراون. نرخەشیان خەیاڵییە، تەسبیحی وەهای تێدایە نرخەکەی دەگاتە 100 هەزار دۆلار، ئەوەش بەگوێرەی ئەو بەردەی بەکارهێنراوە بۆ دروستکردنی لەگەڵ تەمەنی تەسبیحەکە. دەکرێ بڵێت؛ نرخی هەندێک لە تەسبحەکانی ئێرە چەند هێندەی نرخی زێڕن.
سامر بابل، بەشداربووی پێشانگای تەسبیح، دەڵێت؛ لە ساڵێکدا یەک رۆژ تەسبیحەکان دەهێنینە پێشانگاکانەوە بۆ ئەوەی لە زیادکردنی ئاشکرا بفرۆشرێن. تەسبیحەکان لە کەرەستەی زۆر جوان و دەگمەن دروستکراون،هەندێکیان نرخیان لە سەروی 100 هەزار دۆلارەوەیە، تەسبیحی تێدایە نرخی یەک گرامی هەزار و 500 دۆلارە. ئەمەش وایلێدەکات چەند هێندەی زێڕ گران بێت.
ئەیوب نەعمان، خاوەنی دووکانی کەلوپەلی ئەنتیک، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند؛ عێراق لە پلەی یەکەمدایە بۆ هەبوونی بەردەی کەهربی گرانبەها، کە ئێمە دەڵێین یەکەمی جیهانە قسەکەمان زیادەڕەوی تێدا نییە، چونکە کەرەستەی جوانکاری پیاوان و ئافرەتانیشی تێدایە، بۆ نموونە لێرە کەسی سادە هەیە خاوەنی پارچەیەک بەردی کەهربە کە نرخەکەی چوار ملیار دینارە.
هەندێک لەو کەسانەی تەسبیحی دروستکراو لە بەردی کەهربیان هەیە، سەرباری گرانی نرخەکەی هەوڵدەدەن بە زیادکردنی زێڕ بۆ تەسبیحەکە هێندەی دیکە نرخی بەرزکەنەوە.
عەلی عوبەید زێڕفرۆش، دەڵێت؛ تەسبیحی جوان پێویستی بە روپۆشی زێڕ هەیە، بۆ ئەوەی جوانتری بکات و نرخەکەشی هێندەی دیکە بەرزبکاتەوە، بەردی کەهرب زۆر گرانبەهایە، لەگەڵ زێڕ تێکەڵی بکەی هێندەی دیکە گرانبەها دەبێت
سەرمەد عەلی، تەسبیح فرۆش ئاماژە بەوە دەکات؛ لە جێگەی ئەوەی زێڕ هەڵگری لای خۆت ئەم تەسبیحە هەڵگرە، چونەک جوانییەکەی لەدەست نادات و تا کۆنتریش بێت نرخەکەی بەرز دەبێتەوە.
هەبوونی تەسبیحی دەگمەن بە نرخێکی خەیاڵی ڕەنگە تەنیا لە دەستی کۆمەڵێکی کەم لە خەڵک ببینرێت، بەڵام لەگەڵ بڵاوبوونەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، تەسبیح فرۆشەکان هەوڵدەن لەڕێگەی دروستکردنی پێشانگا و زیادکردنی ئاشکراوە نرخی تەسبیحەکانیان هێندەی دیکە بەرزکەنەوە.
