وەزارەتی بەرگریی تورکیا: مافی خۆمانە وەڵامی هەر هێرشێکی دوژمنکارانە بدەینەوە
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەی مافی خۆیەتی وەڵامی هەر کردەیەکی دوژمنکارانە بداتەوە و داواشدەکەن کۆتایی بەو جەنگە بهێنرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی ئاداری 2026، زەکی ئاکتورک، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە، 4ـی ئاداری 2026، مووشەکێکی بالیستیک کە لە ئێرانەوە هەڵدرابوو، لەلایەن هێزەکانی بەرگری ئاسمانی و مووشەکیی ناتۆوە لە دەریای ناوەڕاست تێکشکێندرا، گوتیشی، تورکیا مافی وەڵامدانەوەی هەیە بەرامبەر هەر هەڵوێستێکی دوژمنکارانە.
ئاماژەی بەوەشدا، وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئەو دەنگۆیانەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی رەتدەکاتەوە کە باس لە دروستبوونی شەپۆلێکی کۆچی بەکۆمەڵ دەکەن لە ئێرانەوە بەرەو تورکیا، جەختیشی کردەوە، هیچ جووڵەیەکی نائاسایی لە سنوورەکان نییە و رێوشوێنی ئەمنی توند گیراوەتەبەر.
لەبارەی هەڵوێستی تورکیا لە جەنگی ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل، گوتەبێژەکە رایگەیاند، تورکیا داوا دەکات دەستبەجێ کۆتایی بەو پێکدادانانە بهێنرێت، هەروەها بە ئامانجگرتنی وڵاتانی سێیەم لەلایەن ئێرانەوە زیاتر بووە، لە هەمان کاتدا تورکیا سەرکۆنەی چالاکییەکانی (پژاک) لە ناوخۆی ئێران دەکات و دەڵێت، ئەم جۆرە رێکخراوانە زیان بە سەقامگیری تەواوی ناوچەکە دەگەیەنن.