سوپای پاسداران، دەستی بەسەر کەشتییەکی گواستنەوەی نەوتی قاچاخدا گرت

فەرماندەی ناوچەی یەکەمی هێزی دەریایی سوپای پاسداران، ڕایگەیاند، دەستمان بەسەر کەشتییەکی هەڵگری چوار ملیۆن لیتر سووتەمەنی قاچاخ و 16 کارمەندی کەشتییەکەدا گرتووە.

چوارشەممە، 24 کانوونی یەکەم، 2025، عەباس غولامشاهی، فەرماندەی ناوچەی یەکەمی سوپای پاسداران، بە ئاژانسی هەواڵی 'ئیرنا'ی گوت: کەشییەکە، چوار ملیۆن لیتر سووتەمەنیی قاچاخی لە چەند کەشتیی بچووکترەوە وەرگرتبوو و بە نیاز بوو بۆ کەشتییەکی نەوتهەڵگری گەورەتری بگوێزێتەوە، کاتێک دەیوسیت لە سنووری دەریایی ئێران تێپەڕ ببێت، لە لایەن ‌هێزەکانمانەوە دەستی بەسەردا گیرا. 

غولامشاهی، جەختی لەوە کردەوە "کەشتییە دەست بەسەردا گیراوەکە، بە شێوەیەکی ڕێکخراو نەوتی قاچاخی گواستووەتەوە و ئێستا بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر، دۆسییەی کەشتییەکە و کارمەندەکانی کە 16 کەسن و ئێرانی نین، بە گوێرەی بڕیاری دادگا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت."

فەرماندەی ناوچەی یەکەمی هێزی دەریایی سوپای پاسداران، ڕوونیشی کردەوە "باری کەشتییەکەش ڕادەستی لایەنی پەیوەندیدار دەکرێت تا ئەو کاتەی دادگا بڕیاری لە بارەوە دەدات."

غولامشاهی، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: بەرەنگاربوونەوەی توندی قاچاخچییانی سووتەمەنی و بەرگریی لە سەرچاوە میللیەکانی ئێران، لە پێشینەی ئەرکە سەرەکییەکانی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانە. 

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل