وەزیری دادی تورکیا: هیچ گۆڕانکارییەک لە سزاکەی ئۆجەلاندا ناکرێت
وەزیری دادی تورکیا دەڵێت: تا دڵنیا نەبینەوە لەوەی لەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە تەواوەتی هەڵوەشاوەتەوە، هیچ چاکسازییەکی یاسایی ئەنجام نادەین. دەشڵێت: ئۆجەلان بە یاسای تیرۆر سزای تاهەتایی دراوە و هیچ گۆڕانکارییەک لە سزاکەیدا ناکرێت.
ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ ئەوەی بە شێوەیەکی ئەرێنی بەرەوپێشەوە دەچێت، ئیستا گەیشتووەتە قۆناخێکی گرنگ و هەستیار.
هەروا جەخت دەکاتەوە، بۆ ئەوەی لە لایەنی یاسایی و چاکسازییە یاساییەکانهەنگاوی بنرێت، دەبێت حکوومەتی تورکیا دڵنیا بکرێتەوە و بە کردەیی بسەلمێنرێت، کە پەکەکە بە تەواوی چەکی داناوە، ئینجا لە قۆناخی داهاتوودا هەنگاو بۆ چاکسازی یاسایی دەنێین.
گورلەک لە قسەکانیدا لەبارەی پێدانی "مافی هیوا" بە ئۆجەلان ئاماژەیداوە، لەنێو راپۆرتەکەی کۆمیسیۆنی دیموکراسی، برایەتی و یەکڕیزی نیشتمانی لە پەرلەمانی تورکیا دا کە تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی، هیچ ئاماژەیەک بە پێدانی مافی هیوا نەکراوە و هەر کەسێک بەهۆی دۆسیەی تیرۆرەوە، سزای قورسی تاهەتایی بەسەردا سەپێندرا بێت، هیچ گۆڕانێک ناکرێت و سزاکەی وەکوو خۆی جێبەجێ دەکرێت.
هەر لەو چاوپێکەوتنە تەلەفزیۆنییەدا، ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، بۆ تاکە کەسێک، هیچ کاتێک چاکسازیی یاسایی ناکەن.
چوارشەممەی رابردوو، کە دەکاتە 18ی ئەم مانگە، کۆمیسیۆنی دیموکراسی، برایەتی و یەکڕیزی نیشتمانی لە پەرلەمانی تورکیا (کۆمیسیۆنی ئاشتی) لە حەوتەمین کۆبوونەوەیدا، بە سەرپەرشتی نوعمان کورتولمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا راپۆرتی کۆتایی کۆمیسیۆنەکەیان پەسندکرد.
کۆمیسیۆنی ئاشتی لە ئابی 2025 دا بە بەشداری سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی پەرلەمانی تورکیا پێکهێنرا، هەرچەندە لەگەڵ کۆتاییهاتنی ساڵ تەمەنی کۆمیسیۆنەکە کۆتاییهات، بەڵام بەهۆی تەواو نەبوونی کاروچالاکییەکانی تەمەنی کۆمیسیۆ بۆ دوو مانگی دیکە درێژکرایەوە بۆ ئەوەی کارەکانی تەواو بکات.
پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا:
26ی تشرینی دووەمی 2024، دەستپێشخەری دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ ئاشتی.
28ی کانوونی یەکەمی 2024، دیداری پەروین بوڵدان و سرى سوورەیا ئۆندەر، شاندی دەم پارتی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمراڵی.
پەیامی ئۆجەلان "بەهێزکردنی برایەتیی تورک - کورد نەک هەر بەرپرسیارێتییەکی مێژویییە، بەڵکو پرسێکی گرنگ و بەپەلەی چارەنوسسازە بۆ کۆی گەلان. بۆ بەهێزکردنی ئەو پرۆسەیە، گرنگە هەموو بازنە سیاسییەکان لە تورکیا لەسەروی حیساباتی تەسک و کورت مەودا بیربکەنەوە، دەستپێشخەریی بکەن و بونیادنەرانە هەنگاو بنێن و ئەرێنییانە بەشداریی بکەن."
1ی ئاداری 2025 راگەیاندنی ئاگربەست و رەخساندنی زەمینەی گفتوگۆ.
5-7ی ئایاری 2025، بەڕێوەچوونی کۆنگرەی 12ی پەکەکە.
بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەیی و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری.
11ی تەممووزی 2025، سووتاندنی چەک لەلایەن گرووپێکی 30 کەسی بە سەرۆکایەتیی بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کەجەکە، لە رێوڕەسمێکدا لە بەردەم ئەشکەوتی جاسەنە لە سنووری شارۆچکەی دوکان – سلێمانی.