بەقایی: لێدوانی دژ بە یەک لە لایەن هەندێک لە بەرپرسانی ئەمریکییەوە دەبیسترێت
وەزارەتی دەرەوەی ئێران وردەکاریی گەڕی نوێی دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمریکا لە جنێڤ ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت، سەرەڕای ئەوەی هەردوولا بە جیددی بۆچوونەکانیان خستووەتە روو، بەڵام لێدوانی ناکۆک و دژبەیەکی بەرپرسانی واشنتن وێنەیەکی تەمومژاوییان سەبارەت بە جدیبوونی ئەمریکا دروست کردووە.
پێنجشەممە، 26ـی شوباتی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە جنێڤ، گوتی: شاندی دانوستانکاری وڵاتەکەیان گفتوگۆیەکی چڕ و پڕی بۆ ماوەی نزیکەی سێ کاتژمێر لەگەڵ ئەمریکا ئەنجام داوە.
بەقایی ئاماژەی بەوە دا، کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی کەسایەتییە دیارەکان، لەوانە وەزیری دەرەوەی سەڵتەنەتی عوممان و بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بەڕێوە چوو.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، جەختی کردەوە، کە هەردوو تیمی دانوستانکاری ئەمریکی و ئێرانی، دید و بۆچوونەکانی خۆیان بە شێوەیەکی جیددی خستە روو.
سەرەڕای ئەم ئەرێنیبوونە لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکاندا، بەقایی نیگەرانیی خۆی نیشاندا و رایگەیاند: "لێدوانی دژ بە یەک لە لایەن هەندێک لە بەرپرسانی ئەمریکییەوە دەبیسترێت، کە ئەمەش دەبێتە مایەی گومانکردن لە ئاستی جدیبوونیان لەم پرۆسەیەدا".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، جەختی لەسەر بنەماکانی دانوستان کردەوە و گوتی: "هەڵوێستەکانمان جێگیر و نەگۆڕن. هاوکات هیوای خواست کە ئێوارەی ئەمڕۆ دانوستانەکان سەبارەت بە هەردوو تەوەری سەرەکی،"بەرنامەی ئەتۆمی" و "هەڵگرتنی سزاکان"، درێژەیان پێ بدرێت.
سەبارەت بە میکانیزمی پەسەندکردنی پێشنیارەکان، بەقایی روونی کردەوە، کە لە میانەی دانوستانەکانی ئەمڕۆدا چەندین پێشنیار گەڵاڵە کراون، بەڵام "هەندێک لەو پێشنیارانە پێویستیان بەوەیە کە راوێژ لەگەڵ سەرکردایەتییەکان لە پایتەختەکان بکرێت" پێش ئەوەی بڕیاری کۆتاییان لەسەر بدرێت.
سەبارەت بە خشتەی کاتیی کۆبوونەوەکان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، پشتڕاستی کردەوە کە بڕیارە لە دەوروبەری کاتژمێر 6ـی ئێوارە بە کاتی جنێڤ، کە دەکاتەی نزیکەی کاتژمێر 8ـی ئێوارە بە کاتی کوردستان، دانوستانەکان دەست پێبکاتەوە.
لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئێرانەوە بڵاوی کردەوە کە، "دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا لە جنێڤ چڕ و جیددین".
ئەمڕۆ گەڕێکی دیکەی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە جنێڤی سویسرا بەڕێوە چوو.