چاودێریی بازرگانیی سۆران: هیچ حاڵەتێکی سەرپێچی تۆمار نەکراوە
چاودێریی بازرگانیی سۆران رێنمایی بە چەرەزفرۆشان دەدات بۆ ئەو کرێکارانەى کەلوپەل دەکێشن پێویستە دەستکێشیان لە دەست بێت، بەتایبەت بۆ خۆراکى چەورەکان، فەردە یا کیس لەسەر زەوى نەبن و دەبێت لەسەر پالێت بێت.
سەفا سەیدخان، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سۆران، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی شوباتی 2026، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە مانگی رەمەزاندا لێژنەکانی چاودێری بازرگانی زۆر فراوان کران و رۆژانە بە سێ کاتی جیاواز لەنێو تەواوی بازاڕ دا دەسورێنەوە و چاودێری تەواوی دەکەن.
بەڕێوەبەر چاودێریی بازرگانیی گوتیشی، دووساڵە سەرپێچییەکان زۆر کەمبووەتەوە، لە سەرەتای رەمەزانەوە تاوەکو ئەمڕۆ هیچ حاڵەتێکی سەرپێچی تۆمار نەکراوە، بە تایبەتی لە خواردنی ماوەبەسەرچوو و گرانکردنی.
هەروەها ژمارەیەک رێنمایی بە دوکاندارانی چەرەزاتفرۆشان دەدەن و لەوانە، هەر جۆرە چوکلاتێک، لەکاتى فەلدەکردندا دەبێت نموونەى کیسەکەی بەردەست بێت و ڕێکەوتى بەسەرچوونى دیاربێت، هەر جۆرە چەرەزاتێک کەوا بە مەبەستى تێکەڵکردنى لەگەڵ جۆرەکانى دیکە فەلدەکرێت، دەبێت گووش یاخود کارتۆنى بەردەست بێت، بۆ ئەوەى ڕێکەوتى ماوەبەسەرچوونى دیاربێت.
باس لەوەش کراوە، بە شێوەیەکى ڕێکوپێک بۆ گشت کەلوپەلەکان پابەندى هەڵواسینى نرخ بن، هیچ کەلوپەلێک بێ لۆگۆ و بێ ناونیشان لە شوێنەکە نەبێت.