سەدر: لە عێراقدا جێگەیەک بۆ "ئاساییکردنەوە" لەگەڵ ئیسرائیل نییە
موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانی شیعە، جەختی لەسەر لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ هەر کەسێک کردەوە کە داوای "ئاساییکردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل" بکات.
سەدر لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "ئاساییکردنەوە تاوانێکە بەگوێرەی یاسای عێراق سزا دەدرێت؛ هەر کەسێک هاندەر بێت یان داوای بکات، بێبەری نابێت لە سزا." هەروەها داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و دووپاتی کردەوە لە عێراقدا جێگەیەک بۆ شەرعیەتدان بە ئیسرائیل نییە.
ئەم هەڵوێستەی سەدر دوای ئەوە هات کە کاردیناڵ لویس ڕافایل ساکۆ، پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان، لە مەراسیمی جەژنی کریسمسدا لە کەنیسەی سانت جۆزێف لە بەغدا، دەستەواژەی "ئاساییکردن"ی بەکارهێنا. ساکۆ لەبەردەم محەممەد شەیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، گوتی: "باس لە ئاساییکردنەوە دەکرێت، هیوادارم حکوومەتی نوێ بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بکات. عێراق خاکی پێغەمبەرانە و تەلمود لە بابل نووسراوە، بۆیە دەبێت جیهان بێتە عێراق نەک شوێنێکی دیکە."
محەممەد شەیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە وەڵامی لێدوانەکانی ساکۆدا ڕایگەیاند: "وشەی ئاساییکردنەوە لە فەرهەنگی سیاسی عێراقدا بوونی نییە، چونکە ئێمە مامەڵە لەگەڵ قەوارەیەکی داگیرکەر دەکەین کە مافی گەلێکی پێشێل کردووە." سوودانی جەختی کردەوە عێراق پێویستی بە برایەتی و پێکەوەژیان هەیە لەسەر بنەمای دەستوور، نەک ئاساییکردنەوە لەگەڵ داگیرکەر.
پەرلەمانی عێراق لە ناوەڕاستی ساڵی 2022دا، بە پێشنیازی فراکسیۆنی سەدر و هاوپەیمانەکانی، یاسای "قەدەغەکردنی ئاساییکردنەوە و دامەزراندنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل" پەسەند کرد. بەگوێرەی ئەم یاسایە؛ هەر جۆرە پەیوەندییەکی دیپلۆماسی، سیاسی، ئابووریی و کولتووری لەگەڵ ئیسرائیل قەدەغەیە. هەروەها سزاکان بریتین لە زیندانی هەتاهەتایی یان کاتی. جگە لەوەش بە گوێرەی مادەی 201 لە یاسای سزادانی عێراقی، هەر کەسێک پڕوپاگەندە بۆ بنەماکانی زایۆنیزم بکات یان هاوکارییان بکات، سزای لە سێدارەدانی بەسەردا دەسەپێت.
عێراق تا ئێستا هیچ جۆرە پەیوەندییەکی فەرمی لەگەڵ ئیسرائیلدا نییە و زۆرینەی هێزە سیاسییەکان دژی ئەو هەنگاوەن. ئەمە لە کاتێکدایە 6 وڵاتی عەرەبی (میسر، ئوردن، ئیمارات، بەحرەین، مەغریب و سودان) پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە. نەیارانی ئاساییکردنەوە لە عێراق پێیان وایە ئیسرائیل وەک قەوارەیەکی داگیرکەر لەسەر خاکی فەڵەستین و بەشێک لە خاکی سووریا و لوبنان ماوەتەوە و مافە نەتەوەییەکانی فەڵەستینییەکانی پێشێل کردووە.
