ڤەنزوێلا لەڕێگەی "زۆمبییەکان"ەوە نەوت هەناردە دەکات

ڤەنزوێلا ڕێگەیەکی نوێی دۆزیوەتەوە بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی و خۆدزینەوە لەو گەمارۆ و سزایانەی بەسەریدا سەپێنراون، ئەویش بەکارهێنانی ئەو کەشتیانەیە کە پارچەپارچە (سکراب ) کراون و پێیان دەوترێت (کەشتییە زۆمبییەکان). 

ئاژانسی بلۆمبێرگ ئەوەی بڵاوکردووەتەوە؛ لە ڕۆژانی داهاتوودا چەند کەشتییەکی هەڵوەشاوە (سکرابکراو) دەگەنە ڤەنزوێلا کە بە کەشتییە زۆمبییەکان ناسراون.

ئامانجی ڤەنزوێلا ئەوەیە ئەو کەشتییانە بەکاربهێنێت بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی و خۆدزینەوە لە گەمارۆ و سزاکانی ئەمەریکا.

ڤەنزوێلا تا ماوەکانی ڕابردوو ڕۆژانە 900 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد و ئەوەش سەرچاوەیەکی سەرەکیی داهاتی وڵاتەکە بوو، بەڵام ئیستا سزا و گەمارۆ توندەکانی ئەمەریکا وایانکردووە هیچ کەشتییەک ئامادە نەبێت نەوتی ئەو وڵاتە بگوازێتەوە.

ڤەنزوێلا بۆیە پەنای بردووەتەبەر بەکارهێنانی کەشتییە سکراب کراوەکان، چوونکە ڕادارەکان ناتوانن پێناس و ئاراستەکەیان ئاشکرا بکەن، بەڵام شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن دوور نییە ئەو کەشتیانە ببنە هۆی کارەساتێکی ژینگەیی گەورە چوونکە کۆنن و ئەگەری هەیە نەوتیان لێ بچێت و بڕژێتە دەریاوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل