بازاڕی ئینێ لە دهۆک پەناگەیەک بۆ هەژاران و ناوەندێکی بازرگانی قەرەباڵخ
لە کاتێکدا هەموو بەیانییەکی رۆژی هەینی شار لە بێدەنگییەکی قووڵدایە، لە گۆشەیەکی دهۆک ژیانێکی جیاواز دەستپێدەکات. بازاڕی ئینێ (بازاڕی هەینی) کە لای خەڵکی ناوچەکە بە مەیدانیش دەناسرێت، تەنیا شوێنێک نییە بۆ کڕین و فرۆشتن، بەڵکو بووەتە بەشێک لە فەرهەنگی ئابووری و کۆمەڵایەتی پارێزگاکە.
هەموو رۆژانی هەینی، هەزاران کەس روو لەم بازاڕە دەکەن کە پڕە لە کەلوپەلی جۆراوجۆر. لە جلوبەرگ و پێڵاوەوە بگرە تاوەکو کەرەستەی کارەبایی، ناوماڵ و وردەواڵە، هەموو شتێک لێرە دەستدەکەوێت.
کاسبکارێک دەڵێت: "ئەم بازاڕە مێژووەکەی بۆ نزیکەی 30 بۆ 35 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، لای ئێمە پێی دەوترێت مەیدان. ئەم بازاڕە زۆر گرنگە چونکە نرخەکان تێیدا زۆر هەرزانترن لە بازاڕەکانی ناوەڕاستی شار، ئەمەش وای کردووە قەرەباڵغییەکی زۆری لەسەر بێت."
ئەوەی خەڵک لە دەوروبەری دهۆک و تەنانەت قەزا و ناحییەکانیشەوە بۆ ئێرە رادەکێشێت، کورتهێنانی نرخەکانە. هاوڵاتییەک کە بۆ بازاڕکردن هاتووە ئاماژە بەوە دەکات، نرخەکان لێرە بەراورد بە ناو بازاڕ، هەندێک جار نیوە یان کەمترن. بۆ نموونە، پارچە جلێک کە لە بازاڕ بە 10 هەزار دینار بێت، لێرە بە 2 بۆ 4هەزار دینار دەستدەکەوێت.
کڕیارێکی دیکە دەڵێت: "ئەم بازاڕە بۆ چینی هەژار و مامناوەند وەک رزگارکەرێک وایە. هەموو شتێکی تێدایە و نرخەکانیشی گونجاون. هیوادارین ئەم بازاڕە نەک تەنیا هەینی، بەڵکو رۆژانی دیکەش بکرێتەوە."
ئەم بازاڕە لە دوای راپەڕینەکەی ساڵی 1991ەوەدروست بووە و تا ئێستاش بەردەوامە. کاسبکاران لێرە نەک تەنیا بژێوی خۆیان دابین دەکەن، بەڵکو دەرفەتێکیان بۆ هاووڵاتیانیش رەخساندووە بە کەمترین تێچوو پێداویستییەکانیان بکڕن.
تا درەنگانی ئێوارەی رۆژی هەینی، دەنگی مامەڵە و کڕین و فرۆشتن لە بازاڕی ئینێ نایەتە بڕان. ئەم بازاڕە هەرزانە بووەتە سییەی ئابووری بۆ زۆرێک لە خێزانەکانی دهۆک و وەک ناوەندێکی گرنگی ئاڵوگۆڕی بازرگانی میللی دەمێنێتەوە.