لە دیمەشق والییەکی داعش دەستگیر کرا

وەزارەتی ناوخۆی سووریا، درەنگانی شەوی چوارشەممە، دەستگیرکردنی یەکێک لە سەرکردە هەرە دیارەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشی لە گوندەکانی دیمەشق ڕاگەیاند، کە وەک "والی دیمەشق" ناسراوە.

ئەحمەد دالاتی، بەرپرسی ئاسایشی ناوخۆ لە گوندەکانی دیمەشق ڕایگەیاند، یەکە تایبەتمەندەکانیان بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری گشتیی و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ئۆپەراسیۆنێکی ورد و چڕیان لە شاری "مەعزەمییە" ئەنجامداوە. ئۆپەراسیۆنەکە دوای چاودێرییەکی وردی هەواڵگری هات و توانرا حەشارگەیەکی سەرەکی ڕێکخراوەکە تێکبشکێنرێت.

لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا، تەها زەعبی ناسراو بە (ئەبو عومەر تەبیە)، کە پۆستی پارێزگار یان "والی دیمەشق"ی لەناو ڕێکخراوی داعشدا هەبووە، دەستگیرکرا. لەگەڵ ناوبراودا ژمارەیەک لە یاریدەدەرەکانی قۆڵبەست کران و دەست بەسەر چەندین پارچە چەک و پشتێنەیەکی تەقەمەنیدا گیرا کە لەو حەشارگەیەدا ئامادەکرابوون.

ئەمە یەکەمین جارە لایەنە ئەمنییەکانی سووریا بە ڕەسمی ئاماژە بە هەماهەنگی و هاوکاریی نێوانیان و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بکەن بۆ دەستگیرکردنی سەرکردە باڵاکانی داعش. بەرپرسی ئاسایشی گوندەکانی دیمەشق ئەم هەنگاوەی بە لێدانێکی گەورەی بۆ سەر ڕێکخراوەکە وەسف کرد.

ئەم دەستگیرکردنە لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی فراواندایە، تێیدا لەم هەفتەیەدا سێ شانەی دیکەی داعش لە ناوچەکانی (دەممار، قودسیا و داریا) تێکشکێنراون. هەروەها ئەمە دوای ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی ئەمەریکا دێت کە تێیدا پێنج ئەندامی داعش کوژران.

ئەم جموجۆڵە ئەمنییە هاوکاتن لەگەڵ هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، کە سوێندی خواردبوو تۆڵەی ئەو هێرشەی 13ـی کانوونی یەکەمی ناوچەی (پالمیرا) بکاتەوە، کە بووە هۆی کوژرانی دوو سەربازی ئەمەریکی و وەرگێڕێک.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل