لەسەر سنووری ئەفغانستان و پاکستان، دەیان هاووڵاتی بوونە قوربانی
کاربەدەستانی ئەفغانستان ڕایانگەیاند، لە ئەنجامی دەستپێکردنەوەی پێکدادانە چەکدارییەکانی نێوان هێزەکانی ئەفغانستان و پاکستان لە ناوچە سنوورییەکان، 15 هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.
عەبدولجان باراک، بەرپرسی نەخۆشخانەی شارۆچکەی سپین بۆڵداکی ئەفغانستان، بۆ ئاژانسی فرانس پرێس پشتڕاستی کردەوە؛ تەرمی 15 کوژراویان پێگەیشتووە. ئاماژەی بەوەش کرد، زیاتر لە 80 بریندار لە نەخۆشخانەکەیان چارەسەر دەکرێن کە زۆربەیان ژن و منداڵن.
هاوکات عەلی محەممەد حەقمال، گوتەبێژی بەشی ڕاگەیاندنی شارۆچکەکە، ئاماژەی بەوەدا، شەڕەکە لە شەوێکی درەنگەوە لە ناحیەی سپین بۆڵداک دەستی پێکردووە.
زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی حکوومەتی تاڵیبان، هێزەکانی پاکستانی تۆمەتبار کرد بەوەی بە چەکی قورس هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەی سپین بۆڵداک. موجاهید لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "لە ئەنجامی هێرشەکانی پاکستان 12 هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و 100 کەسی دیکەش برینداربوون." هەرچەندە ئاماژەی بە زیانی هێزە ئەمنییەکان نەکرد، بەڵام جەختی کردەوە، دوای دەستبەسەرداگرتنی چەند بازگەیەکی سوپای پاکستان، ئێستا ئارامی بۆ ناوچەکە گەڕاوەتەوە.
سەرچاوە ئەمنییەکانی پاکستان ڕایانگەیاند؛ پێگەکانی ئەفغانستانیان لە ناوچەی "کەرەم"یان کردووەتە ئامانج. بەرپرسانی پاکستان کوژرانی شەش ئەندامی هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەیان لە تێکهەڵچوونەکاندا پشتڕاستکردەوە.
ماوەیەکە گرژییەکانی نێوان کابول و ئیسلام ئاباد گەیشتووەتە لووتکە. پاکستان، ئەفغانستان تۆمەتبار دەکات بە داڵدەدانی چەکدارانی "تاڵیبانی پاکستان". لە بەرامبەردا، حکوومەتی تاڵیبان دەڵێت ئەم هێرشانەیان وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بووە بۆ ئەو هێرشە ئاسمانییانەی سوپای پاکستان کردیانە سەر کابول، دوای تەقینەوەکانی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لە پایتەختی ئەفغانستان.
بەگوێرەی ڕاپۆرتە مەیدانییەکان، بەهۆی پێکدادانەکانەوە سەرجەم ناوەندە بازرگانییەکان لە ناوچە سنوورییەکان داخراون و بەشێکی زۆری دانیشتووانی ناوچەکە لە ترسی گیانیان ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە و بەرەو ناوچە ئارامەکان هەڵهاتوون. ئیسلام ئابادیش هەڕەشەی وەڵامدانەوەی توندتر دەکات، ئەمەش مەترسی فراوانبوونی شەڕەکەی لە هەردوو دیوی سنوور زیاتر کردووە.
