ژینگەپارێزانی پارێزگای سنە، کوردستان سەوز دەکەن

هەڵمەتێکی دیکەی زاگرۆسانە بۆ چاندنی بەڕوو بە بەشداریی ژینگەپارێزانی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان لە گوندی نێی مەریوان سەر بە پارێزگای سنە بەڕێوە چوو.

 ساڵانە، هەوڵێکی زۆر بۆ ژیاندنەوی دارستانەکانی کوردستان دەدرێت، بەڵام زۆر جاریش بە سووتاندن و بنبڕکردن هەوڵی لەناوبردنیان دراوە.

محەمەد کەریمی، بەرێوبەریی هەڵمەتی زاگرۆزانە، بە کوردستان 24ـی گوت: دارستان و لێڕەوارەکانی کوردستان کەوتوونەتە بەر هێرشێکی بە ئەنقەست، بە بڕینەوەی دارەکان، سووتاندن و ڕاوکردنی ئاژەڵە کێوییەکان، دەیانەوێت ژینگەی ئەم وڵاتە وێران بکەن. بەڵام ئێمەی ژینگەپارێزانی کورد، بە هەموو توانامانەوە هەوڵی بووژاندنەوەی ژینگەی کوردستان و پاراستنی دەدەین.

ژینگەپارێزان، دروشمی "ئەم نیشتمانە بە باڵای زاگرۆسەوە جوانە"یان کردووەتە شوێندانەری خۆیان و  وێڕای ئاماژەدان بەوەی بەردەوام هەوڵ دەدەن دارستانەکانی کوردستان ببووژێننەوە دەڵێن؛ ئەگەر تەنانەت هەموو سەوزاییەکانی کوردستان بسووتینن و تەنیا چڵەدڕکێک بمێنێتەوە ئێمە پارێزگاری لێ دەکەن.

دیاری عەزیزی، ژینگەپارێز، دەڵێت: کوردستان یەک خاکە و هیچ جیاوازییەک لە نێوان شار و ناوچەکانیدا نییە. ئەرکی هەمووان پاراستنی ژینگە جوانەکەیەتی.

ساڵانێکی زۆرە هەڵمەتی زاگرۆسانە لەلایەن رێکخراوەکانی ژینگەپارێزییە لە ئێران، ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان بۆ بووژاندنەوەی دارستانەکان بەڕێوە دەچێت؛ هێمن محەممەد، هاووڵاتییەکی دانیشتووی پێنجوێنی باشووری کوردستان، بۆ بەشداریی لەم هەڵمەتەدا هاتووە، دەڵێت: پاراستنی ژینگە سنوور ناناسێت و لە هەر شوێنێک بێت، پێویستە بیپارێزین.

سەرباری هەوڵی بەردەوامی ژینگەپارێزان بۆ ژیاندنەوەی دارستانەکان بەڵام بەگوتەی چالاکانی مەدەنی بە سووتاندن، دروستکردنی جادە و بەنداوەکان و گۆڕانی کەشوهەوا و چەند هۆکاری دیکە مەترسی دەخرێتە سەر مانەوەیان و لەم ساڵانەشدا زۆرجار ژینگە پارێزان لە ئەرکی کوژاندنەوە و پاراستنی ئەم دارستانانە بریندار بوون، یان گیانیان لەدەست داوە.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل