مەزڵووم عەبدی: لەگەڵ دیمەشق لەبارەی تێکەڵکردنی هێزەکان گەیشتووینەتە لێکتێگەیشتن

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی (هەسەدە)
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی (هەسەدە)

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی کانوونی یەکەمی 2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ڕایگەیاند، لەگەڵ دیمەشق سەبارەت بە تێکەڵکردنی هێزە سەربازییەکان گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش.

عەبدی لە گوتارێکی ڤیدیۆییدا لە کۆبوونەوەی دەستەی ڕاوێژکاریی لیژنەی دانوستانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، گوتی: "گەیشتووینەتە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش بۆ تێکەڵکردنی هێزە سەربازییەکان، ئەمەش بە شێوەیەک دەبێت لەگەڵ بەرژەوەندیی گشتیدا بگونجێت. هاوکات لەبارەی دەروازە سنوورییەکان و سامانەکانی ژێرزەویش بەرەوپێشچوونی باش لە گفتوگۆکاندا هەیە."

فەرماندەی گشتیی هەسەدە ڕوونیکردەوە، چەندان بابەتی دەستووری هەن پێویستییان بە کاتە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی گشتگیر بۆ هەموو سووریا. هەروەها گوتی: "پێمان وایە چارەسەر لە سووریا دەبێت لامەرکەزی بێت، دەمانەوێت خەڵکی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ناوچەکانی خۆیان لە چوارچێوەیەکی دەستووریدا بەڕێوەببەن".

عەبدی تیشکی خستە سەر بەشداریی پێکهاتەکان لە چوارچێوەی کۆڵەکە سەرەکییەکانی سیستەمەکە و گوتی: "ئەم پرسە پێویستی بە گفتوگۆی قووڵتر هەیە بۆ گەیشتن بە دەستوورێک ڕەنگدانەوەی هەموو خواستەکانی تێدا بێت".

ئەو، جەختی لەوە کردەوە، لێکنزیکبوونەوەی بیروڕا لەسەر بابەتە سەرەکییەکان لەگەڵ دیمەشق هەیە و گوتی: "هیوادارین لە داهاتوودا بگەینە هەموو ڕێککەوتنەکان".

سەبارەت بە چارەنووسی فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، عەبدی دڵنیایی دا مافیان پارێزراو دەبێت و گوتی: "سەرجەم فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە داهاتوودا دەبنە بەشێک لە فەرمانبەرانی دەوڵەتی سووریا، ئەم خاڵەش بەشێکە لە ڕێککەوتنی 10ی ئازار".

 

حکوومەتی سووریا بۆ کوردستان24: پێش سەری ساڵ هەسەدە تێکەڵ بە سوپا دەکرێت
 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی کانوونی یەکەمی 2025، سەرچاوەیەک لە حکوومەتی سووریا بە ئەنوەر عەبدوڵلەتیف، پەیامنێری کوردستان24ـی لە دیمەشق ڕاگەیاند، پێش سەری ساڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) سەردانی دیمەشق دەکات.

بە گوێرەی هەمان سەرچاوەی کوردستان24، لە سەردانەکەیدا، مەزڵووم عەبدی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا کۆدەبێتەوە و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ـی ئادار تاوتوێ دەکەن.  

سەرچاوەکەی کوردستان24 ئەوەشی خستەڕوو، پێش سەری ساڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) تێکەڵ بە سوپای سووریا دەکرێن. ئاماژەی بەوەش کرد، پرۆسەی تێکەڵکردنە، بە گوشار و سەرپەرشتیی ئەمەریکا، بەریتانیا و فەرنسایە. 

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، چاوەڕێ دەکرێت لە دوو ڕۆژی داهاتوودا هەسەدە و حکوومەتی سووریا لەبارەی تێکەڵکردنی هێزەکانیانەوە بگەنە ڕێککەوتن، بە جۆرێک زیاتر لە 90 هەزار ئەندامی هەسەدە تێکەڵی وەزارەتی بەرگریی و ناوخۆی سووریا دەکرێن و ئەمەریکا سەرپەرشتیی پرۆسەکە دەکات. 

 

ڕێککەوتنی 10ی ئادار: نەخشەڕێگەیەک بۆ یەکخستنەوە

لە 10ی ئاداری 2025، مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع ڕێککەوتنێکی مێژووییان واژۆ کرد کە ئامانجی سەرەکی یەکخستنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بوو لەگەڵ حکوومەتی نوێی دیمەشقدا. ڕێککەوتنەکە، کە لە هەشت خاڵ پێکهاتووە، جەخت لەسەر پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا، گەرەنتیکردنی مافی هەموو پێکهاتەکان بە کوردیشەوە، و ڕاگرتنی شەڕ دەکاتەوە. یەکێک لە خاڵە هەرە سەرەکییەکانی ئەم ڕێککەوتنە، تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە بوو بە سوپای سووریاوە، کە ئەمەش بە وادەی کۆتایی ساڵی 2025 دیاریکرابوو.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل